١٥ ھەزار چاودێری قەوارە سیاسییەکان چاودێری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
ھیندرێن محەمەد بەرپرسی ئۆفێسی ھەولێری کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند: تۆمارکردنی چاودێرانی قەوارە سیاسیەکان و چاودێرانی بیانی بۆ چاودێری کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیار وایە ٢١ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێ درێژەی ھەیە.
ھەروەھا روونیشیکردەوە: تا ئێستا ١٥ ھەزار لە چاودێرانی قەوارە سیاسییەکان تۆمار کراون و باجیان پێدراوە بۆ ئەوەی لە رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چاودێری پرۆسەکە بکەن، ھاوکات ١٥٠ چاودێری بیانیش تۆمار کراون.
راشیگەیاند: پێشبینی دەکەین ژمارەکە لەوەی ئێستا زۆر زیاتر ببێ، چونکە ھەموو قەوارەیەکی سیاسیی بۆی ھەیە چاودێری لە سەر ھەر سندوقێکی دەنگدان ھەبێت.
