شاندی حكومەتی هەرێم داوا لە ئەمەریكا دەكات كاری جدی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریا بكات
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا لەگەڵ كریس ڤان هۆڵن، وئادەم كینزنگیر ومایكل ماكۆڵ وئیلیوت ئینجل ومایك كۆڤمان ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا وڕوبەرت مینندێز وجیف فلەیك ئەندامانی ئەنجومەنی پیران كۆبوونەوە، لە دیدارەكەدا كە ستافی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئەمەریكا ئامادەی بوون باس لە دوایین پەرەسەندنی سیاسی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرا و باس لەو پرسە گرنگانە كرا كە بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخن ئەمە جگە لەو بارودۆخە زەحمەتەی پەنابەرانی سوریا تیایدا دەژین.
فەلاح مستەفا پرسە و سەرەخۆشی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی هێرشە تیرۆریستیەكانی 11ی سێپتەمبەر و سوپاسگوزاری حكومەتی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبری ئازادكردنی عیراق لە چنگ رژێمی دیكتاتۆری دووپاتكردەوە ، ئەو رژێمەی دڕندانەترین هەڵمەتی پاكتاوی نەژادی و جینۆسایدی لە دژی گەلی كورد و برایانی عیراقی ئەنجامدا و گوتی: گەلی كوردستان بە چاوی هاوپەیمان و هاوبەش سەیری ئەمەریكا دەكات و پێویستە ئێمە لەو چوارچێوەیەدا باس لەو هەموو پێشكەوتن و تەحەدایانە بكەین كە لەم بەشەی جیهاندا روودەدەن هاوكات داوای لە ئەندامانی كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران كرد بە شێوەیەكی ئەكتیڤ كار بۆ بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی دژ بە گەلی كورد بكەن هاوشێوەی پەرلەمانەكانی ئەورووپا و كۆریای باشوور.
لەلای خۆشیەوە كۆنگرێسمانی ئەمەریكا كیزنگیر كە دەیەوێ ببێتە ئەندامی گروپی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی كوردستان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا سوپاسگوزاری خۆی بۆ گەلی كورد نیشاندا و مێژووی پڕ لە خەبات و قوربانی كورد و رۆڵی ئەم گەلە لە عیراق بەرزنرخاند.
لەكۆبوونەوەیەكی دیكەشدا ئیلیۆت ئینجل ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئەوەی دووپاتكردەوە كورد بە ڕاشكاوی دۆستایەتی لەگەڵ ئەمەریكا هەڵبژاردوە ئەم هەڵبژاردەیەشی جێگەی رێزە ، لەلایەكی دیكەشەوە رۆبەرت مێنندێز سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاستی پەیوەندی نێوان هەرێم و ئەمەریكا نیشاندا.
لە كۆبوونەوەیەكی دیكەشدا كە شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ڤان هۆڵن كۆنگرێسمانی ئەمەریكا ئەنجامیدا ، فەلاح مستەفا رۆڵی ناوبرانی لە پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان بەرز نرخاند كە شایەدحاڵێكی هەڵمەتی پاكتاوی نەژادی بوو كە لەدژی كورد لەساڵی 1988 ئەنجامدرا و راپۆرتێكی زۆر كاریگەری لەسەر ئەم تاوانە پێشكەشكرد كە وای كرد سەرنجی بەرپرسانی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆ بارودۆخی كوردستان وبەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە دژی ئەم گەلە رابكێشێت، ناوبراو لەگەڵ پیتەر گالبرێس لە ئەنجومەنی پیران فەرمانبەر بوون.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ڤان هۆڵن ئاماژەی بەوەدا پرسی داننانی نێودەوڵەتی و بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی لەدژی گەلی كورد ئەنجامدراوە دەبێتە هۆكارێك بۆ پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا و هەبوونی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان دامودەزگاكانی حكومی و كۆمەڵگەی مەدەنی نێوان هەردوولا و پێشخستنی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری. هەر لەم دیدارەدا تیشك خرایە سەر پرسی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان UNHCR و رێكخراوەكانی دیكە بۆ پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ ئەم ئاوارانە خرایە ڕوو ، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان لە 200 هەزار كەس زیاترە تاوەكو ئێستا لە بارودۆخێكی زەحمەتدا دەژین و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەنیا توانای ئەم ژمارە زۆرەی نیە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا شاندی حكومەتی هەرێم لەمیانەی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ مایكل ماكۆڵ كۆنگرێسمانی ئەمەریكا كە لە هەمانكاتدا سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی ناوخۆی كۆنگرێسە تیشكی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی سوریا و هەردوولا داوایانكرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم بارودۆخە چارەسەر بكات و یارمەتی پێشكەش بە ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان بكات.
لەلایەكی دیكەشەوە شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ خاتوو ئەلیزابێس كیفتاشفیلی جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاژانسی ئەمەریكی بۆ گەشەپێدانUSAID و سارا لینش بەڕێوەبەری كاروباری عیراق و نیمچە دورگەی عەرەبی و نانسی لیندبۆرگ بەڕێوەبەری یاریدەدەری نوسینگەی دیموكراسیەت و ناكۆكی و یارمەتی مرۆیی رێكخراوەكە و رۆبەرت جینگینز بەرپرسی دۆسێی سوریا كۆبۆوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا خاتوو كیفتاشفیڵی سوپاسگوزاری خۆی پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو یارمەتیانەی بە پەنابەرانی سوریای پێشكەشكردووە بە تایبەتی بە دروستكردنی 3 خیوەتگا بۆ داڵدەدانیان و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان ئەمە جگە لەوەی كەسانێكی دیكە دۆست و خزمانیان داڵدەیان داون و لە بینای تازە دروستكراو وەكو شوێنێكی كاتی بۆ نیشتەجێبوون دانیشتوون.
فەلاح مستەفا داوای لە ئەمەریكا كرد لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان رێوشوێنی بەپەلە بۆیارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریا بۆ خۆپاراستن لەهەر كارەساتێك بگیرێتە بەر و ئاماژەی بەوەشدا گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان بەپەلە بەفریای برایانیان كەوتن و تەنانەت یارمەتی ئاوارە عەرەب و مەسیحیەكانیش داوە كە لە سوریاوە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و داوای لەUSAID كرد بە شێوەیەكی مەیدانی كار بۆ یارمەتیدانی ئەم ئاوارانە بكات هاوكات داوای لە رێكخراوە ناحكومیەكان كرد كار بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتووی پەرلەمانی عێراقی بكەن كە چاوەڕوان دەكرێت ساڵی دادێ بكرێت. بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی ساڵی 2014ی بە هەنگاوێكی گرنگ بۆ ئایندەی عیراق وەسفكرد و جەختی لەسەر ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنەی لە كاتی خۆی بە شێوەیەكی شەفاف و دیموكراسیانە كردەوە.
خاتوو لینش رۆڵی حكومەتی هەرێمی لە میوانداریكردنی ئاوارەكانی سوریای بەرز نرخاند و ئەوەشی خستەڕوو كە ئاژانسیUSAID پلانێكی لەبەردەستدایە بە هاوبەشی لەگەڵ رێكخراوێكی ناحكومی لە عیراق بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریا.
