سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستایانی ئایینی كۆبۆیەوە
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتارێكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد. لەسەرەتای وتارەكەیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵ و كاریگەریی پیاوانی ئایینی لە شۆڕشی ئەیلوول و ڕۆڵیان لە هاندانی گەنجان كرد بۆ ئەوەی خزمەتی گەل وەك بەشێك لە ئایین بزانن و ئاماژەی بەوەدا كە ناكرێ ئایین و نیشتیمانپەروەری لێك جیا بكرێتەوە. هەروەها داواشی لە مامۆستایان كرد كە كار لەسەر گەنجەكانمان بكەن بۆ ئەوەی لە نیشتیمان و نەتەوەپارێزی دانەبڕێن و لە توندوتیژی و توندڕەوی دوور بكەونەوە. سەرۆك بارزانی هەر پێوەند بەو باسە ئاماژەی بەوەدا كە توندڕۆیی و خەڵك كوشتن هیچ پەیوەندی بە پەیامی ئایینی ئیسلامەوە نییە.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە نابێ هیچ كەس ئایینی ئیسلامی بۆ مەرامی سیاسی بەكار بهێنن و گوتی: ئەگەر بەڕاستی لایەنە ئیسلامییەكان شوێنكەوتووی ئیسلامن ئەی جیاوازی و خیلافیان لەسەر چییە؟ نابێ فێڵ لە ئیسلام بكرێت و بۆ مەبەستی سیاسی بەكار بهێنرێت.\" سەرۆك بارزانی بوونی ئۆپۆزیسیۆنیشی بە بابەتێكی ئیجابی زانی وەك چاودێرێك لەسەر كارەكانی دەستەڵات بەڵام بە مەرجێك كە هەموو شتێك بە ڕەش لەقەڵەم نەدات. سەرۆك بارزانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانیش داوای لە مامۆستایانی ئایینی كرد كە هانی خەڵك بدەن كە بەشداری هەڵبژاردن بن و هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت. سەبارەت بە دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا پێشكەوتنی ئابووریی كوردستانی بەرز نرخاند و گوتی: داهاتی تاكەكەس لە 275 دۆلار لە ساڵی 2003 بۆ 5000 دۆلار بەرزبووەتەوە و هەروەها ڕێژەی هەژاری لەكاتێكدا لە عێراق 24%ـە لە هەرێمی كوردستان گەییشتووەتە 4% و هەروەها ڕێژەی نەخوێندەواریش لە هەرێمی كوردستاندا خوارووی 16%ـە.\""
لە كۆتایی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی پێگەی و كاریگەریی هەرێمی كوردستانی لەڕووی دیپلۆماسیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە بە كاریگەر وەسف كرد بەجۆرێك كە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە ڕۆڵی زۆرێك لە دەوڵەتانی سەربەخۆش زیاترە.
دوایین بەشی كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی سەرنج و تێبینییەكانی ژمارەیەك مامۆستایانی ئایینی بوو لەبارەی ئەرك و پێگەی مامۆستایان و هەروەها باسكردنی ئەو هەوڵانەی بۆ باشتركردنی باری گوزەرانی مامۆستایان پێویستە لە ئاییندەدا بگیرێتە بەر."
