ژمارەیەک باڵەخانە بۆ فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتی داد دروست دەکرێت لە ئاکرێ

ژمارەیەک باڵەخانە بۆ فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتی داد دروست دەکرێت لە ئاکرێ
11ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- شیروان حەیدەری وەزیری داد ی ھەرێمی کوردستانی عێراق سەردانی قەزای ئاکرێ ی کردو، بەردی بناغەی دانا بۆ دروست کردنی ژمارەیەک لە باڵەخانەی فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتی دا.

لەو سەردانەدا بە ئامادەبوونی قائیمقامی ئاکرێ و ھەردوو بەڕێوبەری گشتی تۆمارکردنی خانوبەرەی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوبەری گشتی فەرمانگە دادییەکانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ژمارەیەک لە یەکە ئیدارییەکانی قەزاکە، وەزیری داد بەردی بناغەی بۆ دروست کردنی تەلاری فەرمانگە دادییەکان و تەلاری تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرە دانا.

شیاوی باسە پرۆژەی دروست کردنی تەلاری تێبینەرایەتی تاپۆی ئاکرێ نزیکەی سێ ملیار دینارو پرۆژەی تەلاری دادنووسی ئاکرێ ش سێ ملیار دیناریان بۆتەرخان کراوە.

لەو بارەیەوە شیروان حەیدەری وەزیری داد لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامە نووسان دووپاتی لەوە کردەوە کە پاش جیابونەوەی دەسەڵاتی دادوەری لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، زۆربەی بیناو تەلارەکانی سەربە وەزارەتی داد کەوتنە لای ئەنجومەنی دادوەری، ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی کە فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتی داد پێویستییەکی زۆریان بە تەلارو بینا ھەبێت، ھەربۆیە پاش لێکۆڵینەوەی ورد، ڕزگارکردنی فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتی داد لە کرێچێتی و دابین کردنی بینایەی گونجاوو شایستە بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەت لە ھەموو شارۆشارۆچکەکانی ھەرێم، لە ریزی پێشەوەی کارنامە و سیاسەتی کابینەی حەوتەم بووە, لەو چوارچێوەیەدا تەنیا لە بودجەی ٢٠١٣ دا ئەنجامدانی پەنجا پرۆژە بۆ دروست کردنی بیناو تەلاربۆ فەرمانەگەکانی وەزارەت پەسەند کراوەو ئێستا قۆناغ بە قۆناغ لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە دێتە جێبەجێکردن.
Top