سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی لیستی ئەلعراقیە دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی لیستی ئەلعراقیە دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی 9ـی 2013 لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی ئەلعراقیە و ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆنگرەی نیشتیمانیی عێراق و شاندێكی باڵای لیستی ئەلعراقییە كرد.

لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە دەربڕی و سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیی هەرێمی كوردستانیان بە نموونەیی و هیوایەكی گرنگ بۆ عێراق وەسف كرد كە لەسایەی سەرۆك بارزانیدا هاتووەتە ئاراوە.

دواتر ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە كورتەیەكی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی عێراق بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد و بە پێویستی زانی كە بارودۆخی سیاسی عێراق بكەوێتە سەر ڕێگەیەكی دروستەوە و هەموو هێزە سیاسییەكان لە هەوڵی بەردەوامدا بن بۆ دووركەوتنەوە لە تاییفەگەری و هێزە سیاسییەكان خزمەتگوزاری و چالاكیی نیشتیمانی بكەنە پێوەری كاری خۆیان.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی پاش بەخێرهێنانی شاندی میوان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق هێمای بەوەدا كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق پێویستی بە نیازپاكی و پابەندبوون هەیە بە ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەروەها پێویستە هێزە سیاسییەكان ئیرادەیەكی سەربەخۆی نیشتیمانیان هەبێت و ئامانجی سەرەكییان سەقامگیریی وڵات و ئاسوودەیی هاووڵاتیان بێت. سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستانیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە هەڵبژاردنی پارلەمان هەنگاوێكی دیكەیە بۆ پتەوتربوونی بنەماكانی دیموكراسیی هەرێم و پڕۆسەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بەشێوەیەكی سرووشتی بەڕێوە دەچێت.

لەبەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا سەرۆك بارزانی پەیام و ئامانجەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ شاندی میوان شی كردەوە و ڕایگەیاند كە پەیامی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ گەلانی ناوچەكە و جیهانی دەرەوە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و دووركەوتنەوەیە لە توندوتیژییە.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و قەیرانی سووریا و دواڕۆژی سیاسیی سووریا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.
Top