پارتێکی چەپی ئەڵمانی داوای ئازادی بۆ کوردستان دەکات
لە پرسیارێکی (باس)دا بۆ بەشی ڕاگەیاندنی پارتی ئاماژە بۆ کراو سەبارەت بە هۆکارەکانی داواکردنی ئازادی بۆ کوردستان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، ڤ. دی. ڕۆخلیتس لە وەڵامنایەکی دوو لاپەڕەییدا باس لەوە دەکات کە ئازادیی کوردستان و فەلەستین بابەتێکی گرنگە بەلای ئەوانەوە و هەر بۆ ئەو مەبەستەیش یەکێک لە ١٨ پۆستەرەکەی خۆیان بۆ ئەو بابەتە تەرخان کردووە.
ڕۆخلیتس دەنووسێت: \'پارتی مارکسی-لینینیی ئەڵمانیا لەگەڵ گەلانی چەوساوەی جیهاندایە، لەگەڵ ژنانی چەوساوەی جیهاندایە، لەگەڵ سەدان ملیۆن پەنابەری ژینگە و برسی و بێکار و گەلانی چەوساوەی وەک گەلی کورددایە. ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و نەتەوەکان هەمیشە نیشانە بووە بۆ ئەوەی کە داخۆ وڵاتێک یان پارتێک بەڕاستی سۆسیالیستە یان ناپاکیی لە مارکسیزم-لینینیزم کردووە؟...\'
ڕۆخلیتیس لە بەشیکی تری وەڵامەکانیدا ئاماژە دەکات بۆ کوردەکانی ئەڵمانیا و پەیوەندیی پارتەکەیان لەگەڵ کورد و دەنووسێت: \'لە ئەڵمانیا (بەمەزەندە) ملیۆنێک کورد دەژین و سەدان هەزار لەوانە لە ڕێی ڕێکخراوەکانەوە هەڤاڵ و هاوڕێی ئێمەن... لە ئەڵـمانیا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین سەرنجی هەموو هاوڕێ و هەڤاڵانمان بۆ ئەو وتەیەی فریردریش ئەنگلز ڕابکێشین کە دەڵێت (هەر گەلێک گەلێکی تر بچەوسێنێتەوە، خۆی ناتوانێت ئازاد بێت)... لەم ڕوانگەیەوە ئێمە لەگەڵ تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردیداین...\'
ڕۆخلیتس لە کۆتاییدا خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێت بەوەی کە (باس) لەسەر پارتەکەیان دەنووسێت و داوا لە کوردە خاوەن دەنگەکانی ئەڵمانیا دەکات: \'ڕۆژی ٢٢ ئەیلوول لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی-بوندستاگدا دەنگ بدەن بە پارتی مارکسی-لینینیی ئەڵمانیا.
