حكوومه‌ت داوا ده‌كات هه‌مووان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان بن
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانی؛ هه‌موو هاوكاری و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان بتوانێت به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌ڕێوه ببات و داوای له هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد به ڕێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵاوه پابه‌ند بن و هه‌مووان هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگدانێكی ڕێك‌وپێك و سه‌ركه‌وتووی بێ كێشه به‌ڕێوه بچێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خه‌رجكردنی شایسته‌ی دارایی بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له ڕێگه‌ی مۆڵه‌تی خوێندنه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی به‌رنامه‌ی تواناسازی له زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان؛ له‌سه‌ر خه‌رجیی خۆیان به‌رده‌وامن له ته‌واوكردنی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا له بواره جیاوازه‌كاندا و داواكارن هاوشێوه‌ی هاوه‌ڵه‌كانیان له حكوومه‌تی ناوه‌ندی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا.
له‌مباره‌یه‌وه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا داواكاریی ئه‌وانه‌ی پێشتر مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام بۆ له‌مه‌و دوا ڕێنماییه‌كی نوێ بۆ پێدانی مۆڵه‌تی خوێندن دابڕێژرێت؛ به جۆرێك هه‌ر وه‌زاره‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی كێبڕكێی شیاو مۆڵه‌تی خوێندن بدات و ڕه‌چاوی پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له بواره پسپۆڕییه‌كاندا بكرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لیژنه‌یه‌ك به سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیری خوێندنی باڵا و ئه‌ندامیه‌تیی وه‌زیرانی دارایی و په‌روه‌رده دامه‌زرا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێمنایی نوێ ئاماده بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆ و تاوتوێی بودجه‌ی ساڵی داهاتووی 2014ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد. ده‌رباره‌ی بڕیاری یه‌كخستنی جۆر و نرخی به‌نزینیش له هه‌رێمی كوردستان كه له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له سلێمانی بڕیاری له‌سه‌ر درابوو، د. ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان ڕوونی كرده‌وه؛ دوای لێكۆڵینه‌وه ئاشكرا بوو كێشه‌ی زۆر له مه‌سه‌له‌ی جۆر و كوالیتی و نرخ و دابه‌شكردن و سیسته‌می كۆپۆندا هه‌یه، بۆیه وه‌زاره‌ت بڕیاری دا نرخێكی تازه دابنرێت و به‌نزین ببێته یه‌ك ستاندارد. شۆفێرانیشی دڵنیا كرده‌وه كه له‌مه‌و دوا ستانداردی كوالیتیه‌كه به‌ره‌و ژوو ده‌چێت و باشتر ده‌بێت و دانابه‌زێت. هه‌روه‌ها سوپاسی پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه هه‌موو هاوكارییه‌كیان كردووه و پشتگیری‌یان له‌و بڕیاره كرد و زۆر هاوكار بوون بۆ جێبه‌جێكردنی.
وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه دا كه به بڕی (10) ملیۆن دۆلار سووته‌مه‌نیان بۆ خوشك و برایانی په‌نابه‌ری كوردستانی سووریا له هه‌رێمی كوردستان دابین كردووه و ڕایگه‌یاند كه وه‌زاره‌ت بڕیاری داوه ئه‌مساڵ به‌رمیلێك نه‌وتی سپی به‌بێ به‌رامبه‌ر بداته هاووڵاتیان.
لای خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانی؛ جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به كارێكی زۆر باش له قه‌ڵه‌م دا و ده‌ستخۆشی له وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان و تیمه‌كه‌ی و پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد كه به جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره؛ نرخ و جۆری به‌نزین له هه‌رێمی كوردستان ڕێكخرا و سه‌قامگیرییه‌كی دیاری له‌و بواره‌دا دروست كرد.
