سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی نوێی ئاڵمانیا لە هەولێر دەكات
لە دیدارێكدا كە كۆنسوڵی نوێی ئەڵمانیا بە مەبەستی خۆناساندنی بە سەرۆك بارزانی ئامادە ببوو خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند كە پڕە لە جمووجۆڵ و گەشی سیاسی و ئابووری لە گشت بوارەكاندا. هەروەها كۆنسوڵی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەوەی كە لە هەرێمی كوردستان گەشەسەندنەكان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و وڵاتەكەیشی ئامادەیە پەرە بەو پەیوەندییانە بدات كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیادا هەیە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی كۆنسوڵی ئەڵمانیا ئامادەیی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەكانی لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا. سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان كە تەوەرێكی ئەو دیدارە بوو سەرۆك بارزانی گوتی: \"گرنگ نییە ئەنجامی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان چۆن بێت و كێ دەباتەوە گرنگ ئەوەیە پڕۆسەكە بەشێوەیەكی سەركەوتوو ئەنجام بدرێت و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان سەربكەوێت.\"" هەر پەیوەند بەو باسە سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆیشی بە كۆنسوڵی ئەڵمانیا نیشان دا كە وڵاتەكەی وەك چاودێر بەشداری هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان دەبێت و ڕایگەیاند كە بوونی چاودێری بیانی مسداقییەتێكی زیاتر دەداتە پڕۆسەی هەڵبژاردن. لەو دیدارەدا كونسۆڵی ئەڵمانیا هێمای بەوە دا كە وڵاتەكەی هەرێمی كوردستان هان دەدات لە كوردستاندا بنەماكانی دیموكراسی و پاراستنی كەمایەتییەكان و مافەكانی مرۆڤ پتەوتر بكرێن.
لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا كە تایبەت بوو بە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد سەرۆك بارزانی پەیامی ئاشتیخوازانەی كۆنگرەی بۆ كونسوڵی ئەڵمانیا شی كردەوە و گوتی\"" ئامانجی كۆنگرەی نەتەوەیی ئەوەیە گەلی كورد وتارێكی یەكگرتووی هەبێت و پەیامی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی بۆ گەلانی ناوچەكە و جیهان بنێرێت و بە جیهان بڵێت ئێمەش وەك هەر گەلێكی دیكە خاوەن مافین.
پرسی ئاوارەكان و سیاسیی ناوچەكە و بەتایبەت قەیرانی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو."
