لەکامپەکانی کەورگۆسک و قوشتەپە دابەشکردنی ھاوکارییەکان بەردەوامەو ھەلی کاریش بۆ زیاتر لە ٥٠٠ کەس دەدۆزێتەوە

لەکامپەکانی کەورگۆسک و قوشتەپە دابەشکردنی ھاوکارییەکان بەردەوامەو ھەلی کاریش بۆ زیاتر لە ٥٠٠ کەس دەدۆزێتەوە
9ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- پاش نیشتەجێکردنی زیاتر لە ٦٠٠٠ شە ھەزار خێزانی پەناخواز لە کامپی قوشتەپە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەڕێگای کردنەوەی ئۆفێسی لەو کامپە لە یەکەم رۆژی گەیشتنی خێزانە ئاوارەکانەوە، بەردەوامە لە دابەشکردنی کۆمەک و ھاوکاری و دابینکردنی پێداویستی رۆژانە و ناوماڵ بۆیان، لەئێستاشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەوڵدەدات جگە لەدابینکردنی پێداویستیەکان، دەرفەتی ھەلی کاریش بۆ زیاتر لە ٥٠٠ کەس دەدۆزێتەوە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەرێگەی ئۆفێسی کەمپی قوشتەپە بەشێوەیەکی بەردەوام کارەکانی چڕکردۆتەوە لە دابەشکردنی ھاوکارییەکان، کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی ناحیەی قوشتەپە سەرجەم پێداویستیەکان دابینکراون و رۆژانەش ھاوکاری دەکرێن. ھاوکات دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە دابینکردن و دابەشکردنی سێ ژەمەی خواردن لە کامپەکە، لەچەندین بواری دیکەدا ھاوکاری خێزانە پەناخوازەکان دەکات، لەوانەش دابەشکردنی ٣٠ کورسی بۆ ئەو کەسانەی کەمئەندامن لەگەڵ دۆشەک و بەتانی و بالیف بۆیان، جگە لەمەش بەھاوکاری خێرومەندانی دیکە زیاتر لە ٣٥٠ موبەریدە دابەشکراوە، ھەروەھا جلوبەرگ و فەرش و دابەشکردنی لانک بۆ منداڵ لەگەڵ دابینکردنی شیر و شوشەشیرو حەفازە بۆیان، ھەروەھا دابەشکردنی ھاوکاری مادی بەسەر ٤٧٥ خێزاندا کە بۆ ھەر خێزانێک بڕی ١٤٠ ھەزار دیناریان پێدرا، ئەمەش بەھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئاینی و ئەوقافی دەوروبەر رێکخرابوو.

سەبارەت بە دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ ئەو پەناخوازانەی ئارەزووی کارن لە کۆمپانیاو رێکخراوەکاندا، چالاک رەفیق بەرپرسی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەکامپی قوشتەپە رایگەیاندووە: جگە لەدابینکردنی پێداویستی رۆژانە، ھەوڵمانداوە ھەلی کاریشیان بۆ دەستەبەر بکەین، لەئێستادا نزیکەی ٥٠٠ کەس کاریان لەکۆمپانیاو رێکخراوەکاندا بۆ دابینکراوە و ھەوڵیش دەدەین فراوانتری بکەین. جگە لەمەش، ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستاکە سەرتاشخانەیەکمان لەکامپەکە کردۆتەوە و کە رۆژانە سێ تیم کاری تێدا دەکەن.

لەلایەکی دیکە لە کامپی کەورگۆسک بەھەمانشێوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەڕێگای ئۆفێسێکیەوە بەردەوامە لە ھاوکاریکردن و دابەشکردنی کۆمەک و یارمەتییەکان بەسەر پەناخوازانی رۆژئاوای کوردستاندا، لەو میانەشدا لە ھەڵمەتێکدا ھەڵدەستێ بە دابەشکردنی خواردنی وشک بەسەر ١٠٠٠ ھەزار خێزانی پەناخوازدا کە پێکھاتوون لە (زەیت، مرەبا، ساوار، فاسۆلیا، نیسک، ئارد، شەکر، دۆشاوی تەماتە، خوێ)، جگە لەمەش ١٠٠ تانکی ئاو دابەش دەکات.
Top