ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و رێکخراوی UNFPA و وەزارەتی پلاندانانی ھەرێم، لە چالاکییەکی ھاوبەشدا بەبۆنەی رۆژی جیھانی دانیشتووان

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و رێکخراوی UNFPA و وەزارەتی پلاندانانی ھەرێم، لە چالاکییەکی ھاوبەشدا بەبۆنەی رۆژی جیھانی دانیشتووان
9ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- بەئامادەبوونی پەخشان زەنگنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و نوێنەرانی رێکخراوی UNFPA و UN Women و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و چەندین رێکخراوی ناحکومی و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و یاساناسان و رۆژنامەنووس و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەبۆنەی رۆژی جیھانی دانیشتووان، بازنەیەکی گفتوگۆی کراوە لەبارەی گرفتی شووکردن و منداڵبوونی نەوجەوانان لە ھەرێمی کوردستان، لە ھۆڵی ھۆتێلی ڤان رۆیاڵ لە ھەولێر بەڕێوەچوو.

لەم بازنە گفتوگۆیەدا ژمارەیەک بابەت دەربارەی مەسەلەی شووکردنی نەوجەوانان و گرفتەکانی لە ھەرێمی کوردستاندا لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ و کەسانی پسپۆرەوە خرانە بەرباس و شرۆڤەکردن کە بریتی بوون لە بوارەکانی ئامارو داتاکانی پەیوەست بەم بابەتەو یاساکان و لایەنی پەروەردەیی و تەندروستی نەوجەوانان، لەگەڵ نیشاندانی راپۆرتێکی رۆژنامەنووسی لەسەر ئەم گرفتە، دواتر ئامادەبووان بە پێشنیار و راسپاردە و بۆچوونەکانیان ئەم کۆبوونەوەیەیان دەوڵەمەندتر کرد.

ئەم بابەتانەش لەلایەن ھەریەکە لە د. وەسفی قەھوەچی و خاتوو بەھار عەلی و سەڵاح سدیق و د. بەیان رەسووڵ و خاتوو ئەمەل جەلال، پێشکەش کران.
Top