قەیرە كچان رێکخراوێکیان دروستکرد

 قەیرە كچان رێکخراوێکیان دروستکرد
خەڵكێكی كەم دەزانن ئەو رێكخراوە كاری چییە كە لە شەقامی قەناتی سلێمانی بۆردێكی بەیەكێك لە بیناكاندا هەڵواسیوە، بەڵام چیرۆكێكی جیاواز لە ژوورەوە هەیە و بەرپرسی رێكخراوەكە باسی خەون و ژیانی كچانی تەمەن سەرووی 30 ساڵ دەكات لەو رێكخراوەدا.

ئامینە عەلی، لە ژوورێكی سادە و ساكاردا كە پێداویستییەكانی كار راپەڕاندنیشی هێندە نییە، دەڵێ ئامانجیان ئەوەیە \"كچانی تەمەن سەرووی 30 ساڵ چیدی لە ماڵەوە دادەنیشن و بێهیوا نەبن، بۆ ئەوەی تواناكانی خۆیان ببیننەوە و كاربكەن\"". زیاتر مەبەستی ئامینە ئەوەیە \""قەیرە كچان چاویان لە دەستی خۆیان بێت\"".
رێكخراوەكە ناوی ( ئایندە)یە و ئەمەش بۆخۆی هیوایەكی زۆر لەخۆدەگرێ بۆ رووناكتر كردنەوەی دواڕۆژ لەبەرچاوی ئەو كچانەی بەشێكی زۆری خەڵك وەك \""قەیرە\"" ناویان دەبەن. بەڕێوەبەرەكە بڕێك ماندوێتی كاری رۆژ بە رووخسارییەوە دیارە و دەڵێ لە خۆڕا و سەرپێییانە بیری لە دامەزراندنی ئەو رێكخراوە نەكردووەتەوە \""هەزار چیرۆكی كچانی بەتەمەن وایان لێكردم رێكخراوێكی لەم جۆرە دابمەزرێنم\"".

چوار ساڵ پێش ئێستا، ئامینە مۆڵەتی دامەزراندنی رێكخراوەكەی وەرگرت \""بەڵام بەهۆی ئەوەی پشتگیریم نەبوو، تازە بە فەرمی بارەگامان كردووەتەوە\"". ئامینە باسی ئامانجەكانی ئەو رێكخراوەی كرد و گوتی ئەو كچانەی كە بە تەمەنن و لە كۆمەڵگادا بە \""قەیرە\"" بانگ دەكرێن، بەدیار دایك و باوكیانەوە دانیشتوون و خزمەتیان دەكەن و چانسی مێردكردنیان نەبووە \""دەمانەوێت لە ماڵەكانیان بیانهێنینە دەرەوە و خزمەتیان بكەین\"".

بەڵام رێكخراوەكە دەتوانێ چی بۆ ئەو كچانە بكات؟ رەنگە ئەمە پرسیاری هەر كچێك بێت كاتێك ئەو تابلۆیە دەبینێ، ئامینە دەڵێت \""دەتوانین خولی تایبەت بە دروومان و كۆمپیوتەریان بۆ بكەینەوە، هەروەها رێكخراوەكەمان هەوڵی فێركردنی زیاتریان بۆ دەدات\"".

بەڵام خەونە گەورەكەی ئامینە عەلی، ئەوەیە رۆژێك بێت و بتوانێ مافی زیاتریان بۆ دەستەبەر بكات \""دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو كچانە و بڕینەوەی مووچە بۆیان لە كار و ئامانجە سەرەكییەكانمانە\"". ئینجا بەپێكەنینەوە دەڵێ \""شەڕی كۆمەڵگا دەكەم و تۆ دەزانیت كە هەموو رێكخراوەكانی ژنان دژایەتیم دەكەن، بەڵام من لەكەس ناترسێم و بە دزییەوە ئیش ناكەم\"".

لەنیا محەممەد، 25 ساڵ، بەبیستی وشەی (قەیرە) برۆكانی تێكنا، بەبڕوای ئەو رێكخراوی لەم شێوەیە \""سووكایەتییە بە مرۆڤێك كە خوا بە مێینە دروستی كردووە\""، لەنیا دەپرسێ \""چۆن دەبێ لەم سەردەمی پێشكەوتنەدا ئافرەت ئاوا بچووك بكرێتەوە، من دژی رێكخراوی لەو شێوەیەم\"".

لە نێو بازاڕە قەرەباڵخەكەدا، فاتمە ئەبوبەكر كە ئاگای لە رێكخراوی لەو جۆرە نییە، بە بزەیەكەوە و بەدەم رۆیشتنەوە گوتی \""گاڵتە دەكەیت، جا رێكخراوی لەو شێوەیە هەیە\""؟. بەسەرسوڕمانیشەوە گوتی \""بۆچی پیاوان پیر دەبن و ژن ناهێنن كەس پێیان ناڵێت قەیرە، بۆ دەبێ ئاوا بەئافرەت بڵێن، خەمی من ئەوەیە ئەوەی ئەم رێكخراوەی داناوە ژنەو ئەو خۆی و رەگەزەكەی بەكەم دەزانێ\"".

بەڵام گوڵشەن عەبدولقادر، 34 ساڵ، دڵخۆشبوو بە دامەزراندنی رێكخراوێكی لەم شێوەیە و هیواداربوو كاری باش بكەن \""من خۆم زۆر كچ شكدەبەم بەدیار برا و براژنەوە دانیشتوون و سووكایەتییان پێدەكرێت\"". هەروەها گوتی \""ئەوەی حكومەت ناتوانێ بیكات، دڵنیام رێكخراوەكان پێیان دەكرێت\"".

لە هەرێمی كوردستان ئامارێكی دروست لەبەردەستی كەس نییە كە چەند كچ هەیە بەوجۆرە بژین. كۆمەڵەی ئایندە لەساڵی 2010 دەستبەكاربووە، بەڵام لە ساڵی 2013 بارەگای كردووەتەوە، دەستەی دامەزرێنەری لە 15 ئافرەت پێكدێن.

(س، ع) 38 ساڵ، بە بوونی رێكخراوێك بۆ كچانی بەتەمەن پێكەنینی دەهات \""نە حكومەت و نە رێكخراو ناتوانن ئازارە شاراوەكانی ئەو ژنانەی لە زیندانی ماڵەوە بەدیار دایك و باوك یاخود براوە دانیشتوون، بزانن. ئەوان ناتوانن وا لەباوكم بكەن بهێڵێت تەنیا بۆ 2 كاژێر بێمە بازاڕ، نەخوازەڵڵا بۆ رێكخراوێكی ژنان\"".

رێكخراوەكانی ژنان و چالاكوانان پێیانوایە دروستكردنی كۆمەڵەی لەم شێوەیە، بۆ بەكەم سەیركردنی ژنانە و لە بەرژەوەندی پرسی ژن نییە. بەهار مونزیر، چالاكوانی بواری ژنان مەبەستەكەی روونتر كردەوە و گوتی ئەو كچانەی كە پاڵەوانی خەونەكانیان نەهاتووە و لە ماڵەوە ماونەتەوە، ناكرێت ناویان لێ بنێین \""قەیرە\"" چونكە \""ئەوە تەنیا لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا هەیە\"".




رووداو "
Top