وەزارەتی داد دادنووسی لە عەربەت و تاپۆی لە بیارە کردەوە
لەسەرەتای گەشتەکەدا وەزیری داد سەردانی ناحییەی عەربەت ی کرد و لە کۆبونەوەیەکدا کە لە کتێبخانەی گشتی عەربەت بەڕێوەچوو، لەگەڵ بەڕێوبەری ناحیەی عەربەت و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی ناحیەکە و ژمارەیەک لە ھاوڵاتیان، پێداویستی و داواکاری ھاوڵاتیان لە رووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دادی و کردنەوەی فەرمانگە دادییەکان تاوتوو کراو، وەزیری داد گوێی بۆ داخوازی و باری سەرنجی ئامادەبوان رادێراو وەڵامی تەواوی پرسیاری ھاولاتیان و ئامادەبوانی دایەوەو چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان پێشکەش کرا.
دواتر لە رێوڕەسمێکدا فەرمانگەی دادنووسی عەربەت کرایەوەو لە وتەیەکیدا وەزیری داد ھیوای خواست دانانی دادنووس لە عەربەت ببێتە ھۆی ئاسانکاری زیاتر بۆ دانیشتوانی ناحیەو گوندەکانی دەوروبەری و و ببێتە ھۆی زیاتر پێشخستنی ناوچەکە، راشیگەیاند کردنەوەی دادنووسی عەربەت جگە لەوەی خزمەتیکی زۆر بە ھاوڵاتیان دەگەیەنێ دابین کردنی ئاسانکاریشە بۆ رایکردنی مامەڵەی ھاولاتیان.
ھەرلە چوارچێوەی سەردانەکەیدا وەزیری داد ناوچەی ھەوارمانی بەسەر کردەوەو سەردانی شارۆچکەی بیارەی کرد، لەوێش لەگەڵ بەڕێوبەری ناحیە و فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتی داد کۆبۆوە و لەسەرنج و داواکاریی و داخوازیی فەرمانبەران و ھاوڵاتیانی کۆڵیەوە، بە تایبەتی لە بواری چۆنێتی فراوانکردنی خزمەتگوزارییە دادییەکان بۆ ناوچەکە، دواتر لە رێوڕەسمێکدا، تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی بیارەی کردەوە، وەزیری داد لە وتەیەکیدا دووپاتی لەوە کردەوە کە دابەزاندنی دەسەڵاتەکان بۆ یەکە ئیدارییەکانی شاروشارۆچکەکان و فراوان کردنی خزمەتگوزراییەکان تا بە دورترین شوێنی ھەرێمی کوردستان دەگات، لەبەرنامەو سیاسەتی کابینەی حەوتەم و وەزارەتی دادە.
وەزیری داد لە رۆژی دووەمی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکە، سەردانی قەزای دەربەندیخان ی کردو لەوێش لەگەڵ قایمقامی دەربەندیخان و سەرۆکی فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتی داد، کۆبونەوەیەکی فراوانی ئەنجام داو بە تیروتەسەلی لە پێداویستی و داخوازییەکانی کۆڵییەوەو، وەڵامی پێویست بۆ ھەموو پرسیارەکان و چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان پێشکەش کرا.
