له دهۆك به ئامادهبوونى سهرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان یادى 25 ساڵهى ئهنفالى بادینان كرایهوه
لە ژێر دروشمی (لە فرمێسكەوە بۆ هیوا) ئیوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە قەڵای دهۆك بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاوی كەسوكاری ئەنفالكراوان و وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەرپرسانی حكومەت و لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و رێكخراوەكان یادی 25 ساڵەی ئەنفالكردنی ناوچەی بادینان كرایەوە.
لە مەراسیمەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:\""بەر لە 25 ساڵ رژێمی بەعس بە ناوی (خاتمە الانفال) هێرشی كردە سەر ناوچەكانی بادینان و لە ئەنجامدا بە هەزاران لە خەڵكی ناوچەكە یان گیران، یانیش بەرەو سنوورەكانی توركیا و ئێران رایان كرد و لە ئەنجامی كیمیابارانكردنی 14شوێنی جیاجیا لە بادینان، بە سەدان كەس شەهید و بریندار بوون\"".
بارزانی ئاماژەی بەوەدا یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە بە خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، ئەو رۆژە رەشانە و ئەو ئازارانە لە بیری لێقەوماوان و كەسوكاری قوربانیان ببەینەوەو مافی خۆیانە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوسۆزییان لەگەڵ دەرببڕن و كار بكەن بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە بگیرێت.
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە مافی رەوای خەڵكی كوردستانە قەرەبوو بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی حكومەتی ئێستای عیراق میراتگری حكومەتی پێشووتری عیراقە، بۆیە دووبارە داوای كرد كە حكوومەتی عیراق بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكان لە عیراق جێبەجێ بكات و قەرەبووی كەسوكار و خانەوادەی قوربانیانی ئەنفال بكاتەوە.
راشیگەیاند كە یەكێك لەو بابەتانەی بە جددی لە سەردانیدا بۆ بەغدا لەگەڵ حكوومەتی عیراق باسی كردووە، دۆسیەی ئەنفال و قەرەبووكردنەوەی قوربانیان بووە.
"
