سەرۆکی ھەرێمی کوردستان : ئەرکی سەرشانی ھەموو لایەنەکانە نموونەیەکی جوانی ململانێی مەدەنی پێشان بدەن

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان : ئەرکی سەرشانی ھەموو لایەنەکانە نموونەیەکی جوانی ململانێی مەدەنی پێشان بدەن
لەپەیامێکدا مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوا لە ھەموو قەوارە سیاسییەکان دەکات لە بانگەشەکردنیاندا ڕەچاوی ئاساییش و ئارامیی ژیانی ھاووڵاتیان بکەن و پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و سەرجەم یاسا و ڕێنماییەکانی دەزگە ئەمنییەکانی وڵات بن.


ئەمەش دەقی پەیامەکەیە
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

چەند ڕۆژێکە ھەڵمەتی بانگەشەی قەوارە سیاسییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٣ دەستی پێکردووە. بەو بۆنەیەوە بە پێویستی دەزانم جارێکی تر داوا لە ھەموو قەوارە سیاسییەکان بکەم لە بانگەشەکردنیاندا ڕەچاوی ئاساییش و ئارامیی ژیانی ھاووڵاتیان بکەن و پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و سەرجەم یاسا و ڕێنماییەکانی دەزگە ئەمنییەکانی وڵات بن.

داواکارم لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ئامۆژگاریی ئەندام و لایەنگرانییان بکەن کە ڕێز لە ئەندام و ھەوادارانی لایەنەکانی دیکە بگرن و بە ھیچ شێوەیەک بێڕێزی بەرامبەر یەکتری نەکەن. ئەرکی سەرشانی ھەموو لایەنەکانە نموونەیەکی جوانی ململانێی مەدەنی پێشان بدەن.

ھەروەھا داوا لە دەزگە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەنددارەکان دەکەم بەچاوکراوەییەوە بەردەوام بن لە چەسپاندنی یاسا و دابینکردنی ئاساییش و ئاسوودەیی بۆ خەڵک و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی قەوارە سیاسییەکان، ئەگەر ھەرلایەکیش سەرپێچیی لە یاسا و ڕێنماییەکان کرد و دەستدرێژی کردە سەر ئارامیی ژیانی ھاووڵاتیان و ئازادیی کاری سیاسیی لایەنەکان، ئیجرائاتی یاسایی بکەن.

مسعود بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٤/٩/٢٠١٣
Top