ئافرەتێکی ئەندەنووسی کە ١٥ ھەزار دۆلاری لە خاوەنماڵەکەی دزیبوو، دەستگیر کرا
نەقیب ئومێد عارەب ئەفسەری نووسینگەی باشوور بۆ نەھێشتنی تاوان، راگەیاند کە دوای کردنەوەی پەڕاو و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدەستھێنانی چەند بەڵگەیەکی یاسایی، تۆمەتبارێکی ئەندەنووسییان بە ناوی (ن. م. ب) رەگەزی مێ لەدایکبووی ١٩٨٢ دەستگیر کردووە کە ماوەی (٦) مانگە ھاتووەتە شاری ھەولێر و ١٥ ھەزار دۆلاری لە ماڵێک دزیوە کە تێیدا وەک کارەکەر کاری کردووە.
نەقیب ئومێد گوتیشی: تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکەیدا نا و ئاشکرای کرد کە پارەکانی حەواڵەی ئەندەنووسیا کردووە و ھەندێک ئامێری مۆبایلی کڕیوە و ویستوویەتی رەوانەی ئەندەنووسیایان بکات، بۆیە دەست بەسەر مۆبایلەکاندا گیرا لەگەڵ پسوولەی حەواڵەکردنی پارەکان و بڕێکیش لەو پارە دزراوەی کە ھێشتا لای خۆی مابووەوە، دوای ئامادەکردنی پەڕاوەکەش لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، بەڕێزیان بڕیاری دا بە بەندکردنی بەپێی ماددەی ٤٤٣ لە یاسای سزادان.
ھەر لەو بارەیەوە ڕائید کاروان عەبدولکەریم وتەبێژی فەرمیی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، ھۆشداریی دایە ئەو ماڵانەی کە کارەکەریان لە ماڵەوە ھەیە بۆ ئەوەی زیاتر چاودێرییان بکەن و ڕێگە لە ھەر کارێکی نایاسایی و نائاسایی بگرن.
