فەلاح مستەفا پێشوازی لە قوتابیانی خوێندنی باڵای یاسا و ماف و زانستە سیاسییەكانی چەندین زانكۆی ئەڵمانی كرد
سەرەتا سەربەست سەفتی بەرپرسی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان باسی ئەو بەرنامە بەردەوامەی كرد كە ئاسانكاری بۆ قوتابیانی بیانی دەكات بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و بە مێژوو و كەلتوورو پێشكەوتنەكانی هەرێم ئاشنابن.
دواتر سەرۆكی شاندەكە وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی بۆ ئەو سەردانە، ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێم روونكردەوەو گووتی ئێمە كۆمەڵێك قوتابی ماستەرو دكتۆراو مامۆستای زانكۆین لە بواری زانستە سیاسیەكان و یاساو ماف بەمەبەستی چەند توێژینەوەیەكی مەیدانی سەردانی هەرێممان كردووە.
لە دیدارەكەدا كە ختوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، فەلاح مستەفا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، باسی لە رەوشی ئەمڕۆی سیاسی هەرێمی كوردستان و عیراق و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان كرد لە رووی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان و بەرەوپێش بردنی ئەزموونی دیموكراسی. هاوكات تیشكی خستە سەر ئاستی پەیوەندی نێوان ئەلمانیا و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكان.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پووختەیەكی سەبارەت بە مێژووی دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ شاندی میوان روونكردەوە، ئاماژەی بۆ ئەو دەستكەوتانەش كرد كە لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991 بۆ گەلی كورد هاتوونەتەدی.
دواتر بەرێزیان تیشكی خستە سەر ئەزموونی حكومرٍانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای دامەزراندنی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم و هەڵبژاردنی یەكەم پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992و ئاماژەی بە قۆناغی دوای رووخانی رژێمی عێراق و دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێم لە رووی گەشەسەندنی ئابووری و بازرگانی و گشت كایەكانی ژیان دا.
سەبارەت بە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەڕێزیان گوتی: ئێمە وەكو كورد ئامادەنین بۆ دواوە بگەرێینەوە و هەموو كات پابەندین بە بنەماكانی دەستوور بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكانی وەكو پێشمەرگە و یاسای نەوت و گاز و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
هەر لە ووتەكەی دا بەرێزیان ئاماژەی بە رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە رووی ئاوەدانی و پێشخستنی ئابووری لە دوای رووخانی رژێمی عێراق لە ساڵی 2003. پاشان ووتی\" كورد بە ئارەزوومەندانە فیدرٍاڵیەتی هەڵبژاردووە و بەشداری لە نووسینەوەی دەستووری عێراقی كردووە و رۆلێكی گاریگەریان لە دووبارە دروستكردنەوەی عیراقی نوێ هەبووە\"". لەم رووەوە رۆڵی یاسای وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی بەرز نرخاند كە كاریگەری هەبووە لە راكێشانی كۆمپانیا جیهانیەكان و بەشداریكردنیان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان.
لەكۆتایدا چاوپێكەوتنەكەدا چەند خوێندكارێك پرسیاریان سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێم وڵاتانی دراوسێ و بارودۆخی ئێستای سوریا و كاریگەریەكانی لەسەر ناوچەكە ئاراستەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كرد ، بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ووتی كە ئێمە لە پەیوەندییەكی دوولایانەی باشین لەگەڵ هەردوو وڵاتی توركیا و ئێرانی دراوسێ.
سەبارەت بە سوریاش هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی هێنانە بە رەوشی ئێستای سوریا و گەیشتنی برا كوردەكانمانە بە مافە رەواكانیان، بەڵام ئێمە وەكو حكومەت دەست لە كاروباری ئەو ووڵاتە وەرنادەین و پێشێلی سەروەری هیچ وڵاتێك ناكەین. هەروەها لە وەڵامی پرسیاری رەوشی ئاوارەكانی سوریا ناوبراو ووتی\"" ئێستا بە نزیكەی (200) هەزار پەنابەری سوری لە خاكی هەرێم هەن كە لە رەوشێكی دژواردان بۆیە داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین بۆ چركردنەوەی هاوكاریەكانیان بۆ ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان."
