ئەمڕۆ بە فەرمی پارتی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێدەكات
ئەمڕۆ پێنج رۆژ بەسەر رێگەپێدانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكان تێپەڕ دەبێـت بۆ ئەوەی قەوارە و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن و زۆربەی قەوارە و لایەنە سیاسییەكانیش بە سازدانی ئاهەنگ و كۆكردنەوەی ئەندام و لایەنگرەكانیان بانگەشەكانیان دەست پێكرد.
بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، مەمحموود محەمەد، بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی گوت "ئەمڕۆ ئاهەنگی بانگەشەی هەڵبژاردن لە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر سەعات 7ـی ئێوارە دەست پێدەكات و تێیدا پڕۆگرامی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردن دەخرێتە ڕوو."
بە گوتەی مەحموود محەمەد، لەو ئاهەنگەدا سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان، سەرۆك مەسعوود بارزانی، بەشدار دەبێت و وتاری خۆی پێشكەش دەكات.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، ئەوەشی روون كردەوە كە لەو ئاهەنگەدا كاندیدەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە جەماوەر دەناسرێن و لە هەمان كاتیشدا چەند هونەرمەنێكی ناسراوی كوردستان لەو ئاهەنگەدا بەشدار دەبن.
مەحموود محەمەد دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت بەو ئاهەنگە دەست بە بانگەشەیەكی پاك و بێگەرد بكەین و بە هەموو شێوەیەك یاسا و رێساكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رەچاو بكەین."
ڕونیشی كردەوە كە پارتی ئەمڕۆی بە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دیاری كردووە و بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە پارتی دایناوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەری بەردەوام دەبێت و بۆ لەمەوپاشیش بانگەشەكانی زیاتر بە شێوەی مەیدانی دەبێت.
ئەو هەروەها گوتی "پارتی تاكو ئیستایش بەرنامەی هەڵبژاردنی بڵاو نەكردووەتەوە و لەمەودوایش بە شێوەیەكی گشتی ئەو بەرنامەیە بڵاو دەكرێتەوە كە خۆی لە 21 بڕگەدا دەبینێتەوە كە هەموو بوارەكان دەگرێتەوە و دەگەیەنرێتە جەماوەر بۆ ئەوەی خەڵكی بزانن ئێمە لەسەر چ بەرنامەیەك دەمانەوێت دەنگمان پێ بدەن و چییان بۆ جێبەجێ دەكەین."
بە گوتەی مەحموود محەممەد، لە دوای سازادنی ئەو ئاهەنگە لە رۆژانی داهاتوودا پارتی دیموكراتی كوردستان بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی بەردەوام دەبێت، بەڵام بە شێوەیەكی جیاوازتر لە بانگەشەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكە و تاكو ئەو وادەیەی كە كۆمیسیۆنیش بۆ بانگەشە دایناوە، پارتی لە بانگەشەكردن بەردەوام دەبێت".
