روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو\" سەبارەت بە ساغكردنەوەی بەرهەمی شووتی لە پێنجوین و شارەزوور"

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو\
29ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گولان میدیا)- ماوەیەكە جووتیارانی هەردوو ناوچەی پێنجوین و شارەزوور سكاڵای ئەوە دەكەن كە بەروبوومی ئەم ساڵەی شووتیان لەبەر هاوردەكردنی شووتی لە دەرەوەوی هەرێم نافرۆشرێت و بەهەدەر دەچێت، بۆ وەڵامی ئەم سكاڵایە دكتۆر ئەنوەر عومەر قادر بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەم روونكردنەوەیەی دا:


وەك وەزارەت لە 15/6/2013 تاكو 15/10/2013 بڕیارمان دا سنوورەكان بەڕووی هاوردەكردنی شووتی لە دەرەوەی هەرێم دابخرێت، بەڵام بە بۆنەی مانگی پیرۆزی رەمەزان و كەمبوونی ئەم بەروبوومە لە بازاڕ لە 28/7/2013 بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەكردنی هاوردەمان دەركرد،بەڵام سەبارەت بە شووتی لە پێنجوین و شارەزوور لە 20/8 پێگەیشت و ساڵانەش تا مانگی تشرینی یەكەم دەمێنێت، ژمارەیەك لە جووتیارانی ئەو دوو شوێنە پەیوەندیان پێوەكردین كە لەبەر هاوردەكردن لە ئێران و توركیاو دەوروبەرەوە بەرهەمەكەی ئەوان دەمێنێتەوەو نافرۆشرێت و زیانیان پێدەگات، بۆ ئەم مەبەستەو لە روانگەی ئەو سیاسەتەی كە ئێمە پەیڕەوی دەكەین بەوەی كە هەرێمی كوردستان یەكەیەكی تەواوكاری ئابوورییە و هەموو پارێزگاكان تەواوكەری یەكترن،بۆیە ئێمە پارێزگاریی لە بەرهەمی خۆمان دەكەین بەپێی ئەو ستراتیژییەتەی دامانناوەوەو یاسای پاراستن و پێشخستنی ژمارە(4)ی ساڵی 2008،هەروەها پار پارێزگای سلێمانی پەیڕەوی ئەم سیاسەتەی نەكرد بۆ هەندێ‌ بەروبوومی وەكو پەتاتەو سێوو ئەسپیندارو سنووری كردەوە،بەو پێیەش مەترسییەك هاتەئاراوە لەسەر یەكەی ئابووریی هەرێم.


وەزارەت لە پێناو پاراستنی بەروبوومی شووتی لە پێنجوین و شارەزوور ئەم بڕیارەی خوارەوەمان دەركرد:


1- قەدەغەكردنی هاوردەكردنی شووتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان بە یەكجاری.


2- كەمكردنەوەی هاوردە لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بە رێژەی 40% ئەم رێژەیەش بە بەرهەمی پێنجوین و شارەزوور پڕدەكرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەی ئەو لۆریانە كەمكرایەوە، بە پێی ئەم رێژەیەش رۆژانەش لە پارێزگای هەولێر لە (500) لۆرییەوە بۆ (300) لۆری و لە پارێزگای دهۆك لە (80) لۆرییەوەو بۆ(50) لۆری كەمكرایەوە. ئەم هاوردەكردنەش لە كاتی بڵاوكردنەوە لە دەزگاكانی راگەیاندن قەدەغە دەكرێت.
Top