مەراڵ دانێش: ئێمە وەكو بەدەپە دەستوورێكی بەمجۆرە قەبووڵ ناكەین
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیموكرات خەبەر بڵاویكردەوە كە بەرپرسی یاسا و مافی مرۆڤی بەدەپە و نوێنەری بەدەپە لە كۆمیتەی ئامادەكاری دەستووری نوێ توركیا مەراڵ دانێش رایگەیاندووە كە چەند رۆژێكە كۆمیتەی ئامادەكاری دەستوور بۆ گفتوگو كردن لە سەر چوار مادە سەرەتاییەكەی دەستووری توركیا كۆ دەبێتەوە بەڵام بە هۆی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە كۆبوونەوەكان بەبێ ئەنجام دەمێنن.
مەراڵ دانێش ئاشكرای كردووە كە لە كۆبوونەوەی رۆژی سێ شەممەی كۆمیتەی ئامادەكاردا هەر یەك لە ئاكەپە، جەهەپە و مەهەپە لە سەر نەگۆڕینی ئەو چوار مادەیە پێكهاتوونە و بەدەپەیش لە دژی ئەم پێكهاتنەیە.
دانیش جەختی لە سەر ئەوە كردووە كە نەگۆڕینی ئەو چوار مادەیە بە مانای نەگۆڕانی دەستووری توركیایە و بەدەپە بە هیچ شێوەیەك دەستوورێكی بەمجۆرە قەبووڵ ناكات چونكە قەبووڵ كردنی ئەم دەستوورە بە مانای قەبووڵ كردنی نكۆڵی كردن لە هەبوونی كوردە.
