28ی ئاب/ ئۆگۆست (گولان میدیا)- سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە دووری زانی بە هێزی سەربازی بەرگری لە كوردانی كوردستانی رۆژئاوا بكات و دووپاتی كردەوە كە كوردی رۆژئاوا هێزی خۆی هەیە بەرگری لێ بكات. لەو رووەوە دكتۆر فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رۆژی سێ شەممە بیست و حەوتی ئابی دوو هەزارو سێزدە لە لێدوانێكدا بۆ دەنگوباسی رۆیتەرز روونی كردەوە كە سیاسەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە بە هێزی سەربازی دەست لە كاروباری سووریا وەرنەدات. بۆچوونی خۆیشی دەربڕی كە كورد لە سووریا خەڵكی خۆیان هەیە بەرگرییان لێ بكات. گوتیشی كوردی سووریا پێویستیان بە چەند یەكەیەكی سەربازی نییە بڕۆنە ئەوێ بەڵام ڕەنگە پێویستیان بە هەموو جۆرە پشتیوانییەكانی دیكە هەبێت و ئاماژەی بەوە كرد كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە رووی هەماهەنگی یارمەتییە نێودەوڵەتیەكانەوە یارمەتی بدات هاوكات پێشبینی كرد پەنابەرانی زۆرتر پەنا بەر هەرێمی كوردستان بهێنن. هاوكات داوای لە كوردی سووریا كرد خاكی خۆیان بەجێ نەهێڵن ئەگەر پێویستی نەكردو گوتی لەوە نیگەرانین كوردستانی سووریا چۆلأ ببێت لەبەر ئەوی ئەگەر دانیشتووان ناوچەكانیان بەجێ بهێڵن ئەو كات كێشەی كوردی لە سووریا نابێت و ئەو بەشەی كوردستانمان لە دەست دەچێت.