ساڵی ئایندە پۆست كۆدی سەرجەم گەرەكەكانی سلێمانی تەواو دەبێت
ئەمڕۆ 26ی ئاب بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە جۆنسۆن سیاویش وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم و وەفدێكی باڵای ئەو وەزارەتە
لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا تاوتوێی جێ بەجێ كردنی راسپاردەكانی كۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی رابردووی نێوان پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن كرد.
لەو رووەوە سەبارەت بە دابەشكردنەوەی میلاكی وەزارەتی گواستنەوە گەیاندن وەزیری گواستەوە رایگەیاند لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە دابەشكردنی كارمەندانی وەزارەتەكەداو روونیكردەوە دوای تەواو بوونی كاری لیژنەكە ئەو كارمەندانەی وەزارەتە پێویستی بە راژەیان نییە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارەتەكانی تری حكومەتی هەرێم.
هەروەك لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ئاگادار كردنەوەی دەزگاكانی حكومەت لەكاتی كاركردنی كۆمپانیاكان بۆ راكێشانی هێڵەكانی فایەر ئۆپتیك بەپێویست و گرنگ زانراو بریاری گرتنەبەری رێوشوێنی ئیدار لەو رووەوە درا.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لە بارەی پرۆژەی پۆست كۆدی سلێمانی و سەبارەت بەو بابەتە وەزیری گواستنەوەی هەرێم رایگەیاند بەشێكی زۆری ئەو پرۆژەیە بەهاوكاری شارەوانی لەئەمساڵدا تەواو دەبێت ساڵی ئایندەش سەرجەم پرۆژەكە تەواو دەكرێت.
لەبارەی هێلی ئاسنی سلێمانی كەركوكەوە كە دیزاینەكەی تەواو بووە پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند ئەو پرۆژەیە پرۆژیەكی ستراتیژیە بۆ سلێمانی بۆ باشتر كردنی هاتووچۆی سلێمانی، بۆیە دەمانەوێت لەرێگەی وەبەرهێنانەوە ئەو پرۆژەیە جێ بەجێ بكەن و ئاشكراشی كرد كۆمپانیا هەیە ئامادەی خۆی نیشانداوە كە بەشێوەی وەبەرهێنان جێ بەجێ بكات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا پارێزگاری سلێمانی داوای كرد كە ئەوەندەی گونجاوە پرۆژەكانی بواری گواستنەوەو گەیاندن بەشێوەی وەبەرهێنان جێ بەجێ بكرێن.
