پێویستە قەدەغەكارییەكانی بەردەم زمانی كوردی هەڵبوەشێندرێنەوە

 پێویستە قەدەغەكارییەكانی بەردەم زمانی كوردی هەڵبوەشێندرێنەوە
سەرەڕای دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیا و ئامادە كردنی چەندین پاكێجی دیموكراسی، بەڵام هێشتاكە لە توركیا زمانی كوردی و بەكارهێنانی زمانی كوردی رووبەرووی ئاستەنگی و قەدەغەكاری دەبێتەوە و بۆ شەرمەزاركردنی ئەم قەدەغە كارییانە لقی كوردیدەری ئیزمیر لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا رایگەیاند كە پێویستە حكوومەت هەر هەموو قەدەغەكارییەكانی بەردەم زمانی كوردی هەڵبوەشێنێتەوە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە لقی كوردیدەری شاری ئیزمیر بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی حكوومەت لە بەرامبەر بەرپرسیاریەتییەكانی خۆی لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیادا كۆبوونەوەیەكی جەماوەری ساز كردووە.

لقی كوردیدەری ئیزمیر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرەڕای رەخنە گرتن هەڵوێستی حكوومەتی توركیا لە بەرانبەر قۆناغی چارەسەری پرسی كورددا هاوكات بە هۆی قەدەغەكردنی ناوی كوردستانەوە رەخنەیشی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا كردووە.

رێكخراوی كوردیدەر ئاماژەی بەوە كردووە كە حكوومەت لە لایەكەوە باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیا دەكات، بەڵام لە لایەكی دیكەوە ناوی كوردستان قەدەغە دەكات و بەكارهێنانی زمانی كوردی قەدەغە دەكات. ئەم دوو هەڵوێستە لە یەكتر زۆر جیاوازن و خزمەتی توركیا ناكەن، بۆیە پێویستە حكوومەت لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیادا هەر هەموو قەدەغەكارییەكانی بەردەم زمانی كوردی هەڵبوەشێنێتەوە بە پێچەوانەوە قۆناغی چارەسەری سەركەوتوو نابێت.
Top