تاڵەبانی پەیامێك بۆ 35 مامۆستاكە دەنێرێت
یەكێك لەو مامۆستا كوردانەی ویستی چاوی بە جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق بكەوێت بە (رووداو)ی راگەیاند، كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 26/8/2013 نەخۆشخانەی شاریتەی ئەڵمانیا پەیوەندی پێوەكردوون و لە زاری تاڵەبانییەوە پەیامێكی پێ راگەیاندوون.
لە ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی رووداو هەواڵی سەردانكردنی 35 مامۆستای زانكۆكانی كوردستان بۆ نەخۆشخانەی شاریتەی ئەڵمانیا بەمەبەستی ئەوەی چاویان بە تاڵەبانی بكەوێت و نەیانتوانی بڵاوبووەوە.
د.ئومێد بەرزان، یەكێك لە مامۆستاكان بە (رووداو)ی راگەیاند \""سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نەخۆشخانەی شاریتە پەیوەندی پێوەكردین و لە زاری مام جەلالەوە پەیامێكیان پێ راگەیاندین\"".
لەبارەی پەیامەكەی جەلال تاڵەبانییەوە، مامۆستاكەی زانكۆی گەرمیان كە ئێستا لە خولی بوون بەسەركردەیە لە وڵاتی ئەڵمانیا گوتی \""بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شاریتە پێی گوتین مام جەلال رێزو سوپاسی بۆ ئێوە هەیەو گوتوویەتی پێیان بڵێ لەم رۆژانەدا چاوم پێیان دەكەوێت\"".
لەئێستادا 35 مامۆستا بە نوێنەرایەتی 6 زانكۆی هەرێمی كوردستان لە خولی بوون بە سەركردەدان و لە پەراوێزی خولەكەیاندا دوێنێ ویستیان چاویان بە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق بكەوێت، بەڵام رێگرییان لێكراو ناچار نووسراوێكیان لە نەخۆشخانەكە جێهێشت.
جگە لەو مامۆستایانە، رێگری لە زۆر كەسی دیكەش كراوە كە بۆ دیداری تاڵەبانی چوونەتە ئەڵمانیا، لەوانەش مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەروەها خزەیر خوزاعی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.
بەرپرسانی یەكێتیش دەڵێن لەوەتای گەیێنراوەتە ئەو نەخۆشخانەیەی ئەڵمانیا، جگە لە هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خێزانی تاڵەبانی و هەردوو كوڕەكەی باڤێل و قوباد و ئاراسی شێخ جەنگی (برازای) و دكتۆر نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك، كەسی دیكە تاڵەبانی نەبینیوەو رێگە بە بەپرسانی یەكێتیش نادرێ سەردانی بكەن.
نوێترین داواكاری بۆ بینینی تاڵەبانی لەسەر ئاستی عێراق داواكاری حەسەن عەلەوی، سیاسەتمەدار و بیرمەندی عێراقییە كە داوای بینینی تاڵەبانی دەكات و ئەو پێیوایە نابێ دۆخی تەندروستی سەرۆك كۆماری عێراق بشاردرێتەوە.
رووداو"
