لێدوانی حكومەت لەبارەی هەڵكوتانە سەر ئەندامە جیابووەوەكانی PKK لە كۆیە

 لێدوانی حكومەت لەبارەی هەڵكوتانە سەر ئەندامە جیابووەوەكانی PKK لە كۆیە
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداریی دەداتە لایەنە ناكۆكەكان هەرێمی كوردستان نەكەنە شوێنی یەكلاییكردنەوەی كێشەكانیان بە بەكارهێنانی هێز. سەبارەت بە هەڵكوتانە سەر ئەندامە جیابووەوەكانی PKKش لە كۆیە دەڵێ \"رێوشوێنی یاسایی بۆ گیراوەتەبەر\"".

كاژێر 7ی ئێوارەی رۆژی 23/8/2013 شەڕە تەقە لە نێوان ئەو ئەندامانەی لەساڵی 2004 لە پارتی كرێكارانی كوردستان PKK جیابوونەوە، كە زۆربەیان پێشتر سەركردەی باڵای ئەو پارتە بوون، لەگەڵ چەند چەكدارێك روودەدات، لە ئاكامی شەڕەتەقەكە چەكدارێك بە ناوی مەحمود یەڵدرن بە برینداری دەكەوێتە دەستی جیابووەوەكان و دواتر رادەستی ئاسایشی شاری كۆیە دەكرێ.

لەبارەی ئەو رووداوەوە سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند: \""ئەو رووداوەی كۆیە رووداوێكە دوور لە شارستانییەت و دوورە لە رۆحی یەكتر قبوڵكردن\"".

گوتیشی: \""لەم رۆژانەدا كۆنگرەی نەتەوەیی دەبەسترێت ‌و سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان لەسەر یەك مێز كۆدەبنەوە، ئەم رووداوەی كۆیە جێگەی دڵگرانییە بۆ ئێمە و هیوادارین لایەنە ناكۆكەكان بە رێگەی دیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن\"".

لەبارەی هەڵوێستی حكومەت لەسەر رووداوەكە، دزەیی گوتی:\""ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێین نابێت هەرێم ببێتە جێگای یەكلاكردنەوەی كێشەی نێوان هیچ گرووپ و لایەنێك ‌و ئامۆژگاریی هەموو لایەكیش دەكەین كە یەكتر قبوڵ بكەن و كێشەكانیان بە دیالۆگ چارەسەر بكەن\"".

ئەندامانی جیابووەوەی PKK ئێستا بەبێ چەك خەریكی كاری سیاسین لە چوارچێوەی پارتێكی سیاسی بەناوی پارتی وڵاتپارێزی دیموكراتی كوردستان PWD، یەكێك لە سەركردەكانی ئەو پارتە رایگەیاند \""ئەو سێ چەكدارەی هێرشیان كردووەتە سەر خێزانە جیابووەوەكانی نیشتەجێی كۆیە، لە كەمپی مەخموورەوە نێردرابوون و بەنیاز بوون كۆمەڵكوژی ئەو خێزانانە بكەن، بەپێی دانپێدانانی ئەو چەكدارە بریندارەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەر كراوە\"".

ئەكرەم دێرسیمی ئەندامی سەركردایەتی PWD بە (رووداو)ی گوت \""ئەوە جاری یەكەم نییە لەلایەن باڵی سەربازی PKKەوە هێرش دەكرێتە سەر هەڤاڵانمان و چەند ئەندامێكمان لەلایەن PKKەوە شەهید كراون\"".

دەرسیمی رەخنەی لەسیاسەتی PKK گرت بەوەی كە هەر ئەندامێكی ئەو حیزبە جیاببێتەوە بەلای ئەوانەوە مافی ژیانی نامێنێت.
هەر بە گوتەی ئەوان، رۆژێك پێشتر بە كامێرای بچووك چاودێری جموجۆڵی ماڵەكانیان كراوەو ئەوان پێیانزانیوە، بۆیە ئاسایشیان ئاگاداركردووتەوە و دواتریش لە كاتی هێرشكردنەكە توانیویانە رووبەڕووی ئەو سێ چەكدارە ببنەوە.

ئەكرەم دەرسیمی دەڵێ \""PKK ویستی بەو چالاكییەی پەیامێك بە كۆنگرەی نەتەوەیی بدات كە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی داهاتوو لە هەولێر دەبەسترێت، پەیامەكە ئەوەیە كە بمانترسێنێت و بڵێ ئەوەی لەگەڵم نەبێت دوژمنمە\"".

سەبارەت بە تۆمەتباركردنی PKK بەو هێرشەی كرایە سەر ئەندامانی PWD، ئەحمەد دەنیز، گوتەبێژی كۆما چڤاكێن كوردستان KCK لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە (رووداو)ی گوت كە ئەوان دوورو نزیك ئاگاداری ئەو رووداوە نین و تەنیا لە راگەیاندنەوە بیستوویانە.

دەنیز رەتیكردەوە ئەو كردارانە لە سیاسەتی PKK بوەشێتەوە، هەر بۆیە سەرلەبەری تۆمەتەكانی رەتكردەوە. بەڵام وەك سەفین دزەیی گوتی \""دۆسێی رووداوەكە ئێستا لای دادوەری لێكۆڵینەوەیەو لەو بارەیەوە رێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر\"".








رووداو "
Top