35 مامۆستای زانكۆ نەیانتوانی تاڵەبانی ببینن

 35 مامۆستای زانكۆ نەیانتوانی تاڵەبانی ببینن
تەمومژ لەسەر دۆخی تەندروستی تاڵەبانی رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبن، كاتێك خەڵك داوای بینینی تاڵەبانی دەكەن، بەڵام داواكارییەكەیان لەلایەن خێزانەكەیەوە رەتدەكرێتەوە.

35 مامۆستا بە نوێنەرایەتی شەش زانكۆی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەڵمانیایان كرد و ویستیان تاڵەبانی لەو نەخۆشخانەیە ببینن كە تێیدا خەوێندراوە، بەڵام رێگەیان پێنەدرا.

ئەو مامۆستایانە سەر بە زانكۆكانی (سۆران، كۆیە، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و زاخۆ) بوون و لە 25/8/2013 سەردانی نەخۆشخانەی شاریتییان كرد لە شاری بەرلین كە تاڵەبانی لەو نەخۆشخانەیە چارەسەری وەردەگرێ.

بەڵام كە رێگەیان پێنەدرا تاڵەبانی ببینن، نامەیەكیان بۆ بەجێهێشت. كۆپییەكی ئەو نامەیەشیان بۆ (رووداو) نارد كە تێیدا نووسراوە “هاتووین لە نزیكەوە لە هەواڵی تەندروستی بەڕێزتان بپرسین و لە خوای گەورە داواكارین بە زووترین كات بە تەندروستییەكی زۆرباشەوە بگەڕێیتەوە كوردستان و عێراق”.
جگە لەو مامۆستایانە، رێگری لە زۆر كەسی دیكەش كراوە كە بۆ دیداری تاڵەبانی چوونەتە ئەڵمانیا، لەوانەش مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەروەها خزەیر خوزاعی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

بەرپرسانی یەكێتیش دەڵێن لەوەتای گەیێنراوەتە ئەو نەخۆشخانەیەی ئەڵمانیا، جگە لە هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خێزانی تاڵەبانی و هەردوو كوڕەكەی باڤێل و قوباد و ئاراسی شێخ جەنگی (برازای) و دكتۆر نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك، كەسی دیكە تاڵەبانی نەبینیوەو رێگە بە بەپرسانی یەكێتیش نادرێ سەردانی بكەن.

د.ئومێد بارزان، مامۆستای زمانی كوردی لە زانكۆی گەرمیان كە یەكێك بوو لەوانەی ویستوویەتی تاڵەبانی ببینێ بە (رووداو)ی گوت “زیاتر لە 30 خولەك لە بەشی پێشوازی نەخۆشخانەكە ماینەوە و داوامان كرد بیبینین، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانەكە پێیانڕاگەیاندین كە هەرچییەكتان هەیە بینووسن. چونكە نە دەتوانن چاوتان بە تاڵەبانی بكەوێت، نە دەشتوانین هیچ زانیارییەكتان بدەینێ، تەنیا دەتوانن نامەیەك جێبهێڵن و لەڕێگەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەوە دەگاتە دەستی تاڵەبانی”.

ئەو مامۆستایەی زانكۆی گەرمیان كە لەگەڵ 34 مامۆستای دیكەی زانكۆكانی كوردستان سەردانی نەخۆشخانەی شاریتی ئەڵمانیای كردبوو، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوان لەناو نەخۆشخانەكەوە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی لە ئەڵمانیا كردووە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات تاڵەبانی ببینن، بەڵام پەیوەندییەكەیان بێ وەڵام بووە “هەوڵماندا قسە لەگەڵ د.نەجمەدین كەریم، سەرۆكی تیمی پزیشكی تاڵەبانی بكەین، بەڵام ئەو هەوڵەشمان بێ ئەنجام بوو”.

نوێترین داواكاری بۆ بینینی تاڵەبانی لەسەر ئاستی عێراق داواكاری حەسەن عەلەوی، سیاسەتمەدار و بیرمەندی عێراقییە كە داوای بینینی تاڵەبانی دەكات و ئەو پێیوایە نابێ دۆخی تەندروستی سەرۆك كۆماری عێراق بشاردرێتەوە.

داواكەی حەسەن عەلەوی دوای داواكەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دێ كە پێشتر داوای كردبوو دەبێ دۆخی تاڵەبانی بۆ گەلی عێراق ئاشكرا بكرێ.

حەسەن عەلەوی كە دەڵی ماوەی 45 ساڵە برادەری تاڵەبانییە، بە (رووداو)ی گوت “بە نووسراوێكی فەرمی داوامان كردووە خێزانەكەی تاڵەبانی رێگەمان بدات سەردانی بكەین و لە نزیكەوە دۆخی تەندروستی بزانین، چونكە ئەو سەرۆك كۆماری عێراقە، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە”.

عەلەوی پێیوایە هەندێ كەس لە شاردنەوەی دۆخی تەندروستی تاڵەبانی سوودمەندن “خەڵك هەیە لە دەوروبەری تاڵەبانی لە شاردنەوەی تەندروستی تاڵەبانی سوودمەندن، نەك تەنیا ئەوانەی دەوروبەری، بگرە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش لەوە سوودمەندە كە دۆخی تەندروستی تاڵەبانی ئاشكرا نەكرێ”.
هەر كاتێك باس لە دۆخی تەندروستی مام جەلال دەكرێ، نەجمەدین كەریم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارێزگاری كەركووك كە لە نێو یەكێتی تەنیا رێگەپێدراوە باسی دۆخی تەندروستی ئەو بكات دەڵێ “رۆژ بە رۆژ بەرەو چاكبوونەوە دەچێ”.

بەڵام حەسەن عەلەوی لەو قسانە بە گومانە و دەڵێ “مادام وەزعی مام جەلال باشە وەكو دكتۆرەكەی باسی دەكات، بۆ گەلی عێراق ناتوانن سەرۆكی خۆیان ببینن!”. عەلەوی باسی كاتی تیرۆركردنی عەبدولكەریم قاسم، سەرۆكی پێشووی عێراقی كرد “دوای ئەوەی گەیێندرایە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ كرا، هاتە سەر شاشە و قسەی بۆ خەڵك كرد و گوتی وەزعی من باشە”. نەك وەكو تاڵەبانی كە ئەو لە ئەڵمانیایە “كەسێك لە كەركووك دابنیشێ و پاریزگاری كەركووك بێ، باس لە دۆخی تەندروستی تاڵەبانی بكات”.

هەرچەندە خێزانەكەی تاڵەبانی رێگە بە ئەندامان و بەرپرسە هەرە باڵاكانی یەكێتی نەداوە تاڵەبانی ببینن، بەڵام حەسەن عەلەوی لەو باوەڕەدایە ئەگەر رێگەی پێبدرێ ئەوا خەڵكێكی زۆر لەگەڵ خۆی دەبات “شاندێكمان پێكهێناوە كە نەقیبی سەندیكای پزیشكانی عێراق و نەقیبی پارێزەران و هەندێ سەندیكای دیكە و نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كچی شاعیری گەورەی عێراق جەواهیری تێدایە”.








رووداو
Top