تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبرێژكراو لە دیالە، زیاتر لە 30 كوژراو برینداری لێكەوتەوە
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی دیالە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: شەوی رابردوو لە بەردەم دوكانێكی پەلەوەر فرۆشتن لە ناوبازارێكی شاری باقووبەی ناوەندی دیالە، ئۆتۆمبیلێكی بۆمبرێژكراو تەقییەوە و بەهۆیەوە شەش هاووڵاتی مەدەنی كوژران و هەروەها زیاتر لە 25 كەسی دیكەش برینداربوون.
سەرچاوەكە ئاماژەشیدا، لە دوای رووداوەكە لەلایەن تیمە فریاگوزارییەكانەوە بریندارەكان گواستراونەتەوە نەخۆشخانە كە ژمارەیەكیان برینەكانیان سەختەو هەروەها لە نێو ئەو بریندارانە ئافرەت و منداڵیش هەیە. هەروەها لە لایەن هێزە ئەمنییەكانیشەوە لێكۆڵینەوەكان دەستی پێكردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرەداوێكیان دەستنەكەتووە.
وتەبێژی پۆلیسی دیالە رونیشیكردەوە، لەو تەقینەوەیەدا جگە لە زیانە گیانییەكان هاوكات زیانێكی مادی زۆریش دوكانەكانی بازاڕەكە كەوتووە.
شایانی باسە رۆژ لە دوای رۆژ بارودۆخی ئەمنی ناوچەكانی پارێزگای دیالە ڕوولەخراپتردەكات و بە بەردەوامی تیرۆریستان و گروپە چەكدارەكان كردەی تیرۆریستی تێدا ئەنجامدەدەن و بەهۆیەوە ڕۆژانە چەندین هاووڵاتی لەو پارێزگایە دەكوژرێن و برینداردەبن. خراپی بارودۆخەكەش وایكردووە هاووڵاتیان بە بەردەوامی كۆچ بەرەوناوچەكانی دیكە و بە تایبەتی ناوچە كوردستانییەكان بكەن.
