ئاسایشی هەولێر رەتیدەكاتەوە جەوهەر فەحل لە فڕۆكەخانەی هەولێر رفێنرابێت
لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن دەنگۆی رفاندنی جەوهەر فەحل، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی سەڵاحەدین و كوڕەكەی بڵاوبووەوەو ئاماژە بەوە كرا، گوایە لەنێو فڕۆكەخانەی هەولێر بەرلەوەی گەشت بەرەو وڵاتی توركیا بكەن خۆی و كوڕەكەی بێسەروشوێن بوون.
سەرچاوەیەكی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوەو بە (رووداو)ی راگەیاند: \""بە هەموو شێوەیەك ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە كە دەڵێن جەوهەر فەحل و كوڕەكەی لە فڕۆكەخانەی هەولێر رفێنراون\"".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی \""زانیاریمان هەیە كە ئەوان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو توركیا رۆیشتوون و سەفەریان كردووە\"".
ئەركان جەوهەر، كوڕی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی سەڵاحەدین، بە رۆژنامەی سەباح-ی توركی راگەیاندووە \""بەرلەوەی باوكم و براكەم سواری فڕۆكە ببن لەگەڵیان قسەم كرد، بەڵام دوای ئەوە هیچ هەواڵێكی ئەوانم پێنەگەیشت و ئێمە نازانین لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر یان فڕۆكەخانەی توركیا رفێنراون\"".
كوڕەكەی جەوهەر فەحل ئەوەشی گوتووە كە \""چەند كەسێكی نادیار پەیوەندییان بە ئێمە كردووەو داوای 10 ملیۆن دۆلاریان لێكردووین بۆ ئەوەی ئازادیان بكەن\"".
رووداو "
