پارێزگاری سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی لەبارەی بەنزینەوە دەردەكات

 پارێزگاری سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی لەبارەی بەنزینەوە دەردەكات
پارێزگاری سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێوەبەری فرۆشتنی سووتەمەنی و قائیمقامی سلێمانی، چەند بڕیارێكی نوێی وەك جێبەجێكردنی قۆناخی یەكەمی بڕیاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە بارەی دابەشكردنی بەنزینەوە راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە بەهرۆز محەممەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فرۆشتنی سووتەمەنی و قائیمقامی سلێمانی كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا راگەیەنرا كە پارێزگای سلێمانی پێویستی بەنزیكەی 2 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین هەیە و ئێستا بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆییەوە دەتوانرێت ئەو بڕە دابین بكرێت.

بە پێی بڕیاری پارێزگاری سلێمانی، 6 بەنزینخانە دیاری دەكرێن بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەوە شەو و رۆژ كراوەبن و بێ‌ پسووڵە بە نرخی 500 دینار بەنزین بە شۆفێران بدەن.

لەبارەی ئەو شۆفێرانەش كە بەبێ پسولە بەنزین وەردەگرن پارێزگاری سلێمانی بڕیاری دا ئۆتۆمبێلی كرێ و تەكسی بەرێژەی 50% بەنزینیان لە بڕەكەی خۆیان زیاتر پێ‌ بدرێت، بۆ ئۆتۆمبیڵی تایبەتیش 10 لیتر زیاتر لە بڕەكەی خۆیان بەنزین وەربگرن.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا رێككەوتی 26-8-2013 كۆبوونەوەیەك لەگەڵ خاوەنی بەنزینخانەكانی پارێزگای سلێمانی ئەنجامبدرێت و ماوەیەك دیاری بكرێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و یەكخستنی جۆر و نرخی بەنزین لەهەموو بەنزینخانەكاندا.

جەختیشكرایەوە لەمەودوا بەنزین نادرێت بەو بەنزینخانانەی مەرجی ستانداردی بەنزینخانەیان نییە.

رۆژی 18-8-2013 لە كۆبوونەوەیەكدا ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە گەڵ خاوەن بەنزینخانەكانی هەولێر بڕیاردار \"لە25-8-2013 بەنزینی پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان حكومەت خۆی بیداتە بەنزینخانەكان ‌و كەرتی تایبەت نەمێنێت\"".

ئاشتی هەورامی ئاماژەی بەوەدا نرخی هەر لیترێك بەنزین بە 480 دینار دەبێت بۆ بەنزینخانەكان، كە ئەوان دەبێت بە 500 دینار بیفرۆشن بە هاووڵاتیان.

لەبارەی كولێتی بەنزینەكەشەوە وەزیرە سامانە سرووشتییەكان خستیەڕوو كوالێتی ئەو بەنزینە وەك بێجی دەبێت و تاوەكوو سەرەتای مانگی 9 تەنها لە پارێزگای هەولێر ئەم بڕیارە كاری پێدەكرێت و لەسەرەتای مانگ 9 دهۆك و سلێمانیش دەبێت پابەند بن بەو بڕیارەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان\"".









رووداو"
Top