رێكخراوی مانگی سووری عێراقی و UNCHR كارو چالاكییە بەردەوامەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كامپەكانی بەحركەو كەورگۆس و قوشتەپەو باسرمە بەرز دەنرخێنن

رێكخراوی مانگی سووری عێراقی و UNCHR كارو چالاكییە بەردەوامەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كامپەكانی بەحركەو كەورگۆس و قوشتەپەو باسرمە بەرز دەنرخێنن
بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوش و گوزەرانی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان و چۆنیەتی خزمەتكردنیان لە كامپەكانی بەحركەو كەورگۆسك و قوشتەپەو باسرمە، سەرۆكی رێكخراوی UNCHR سەردانی بنكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یان لە كامپی كەور گۆسك كرد و لەلایەن موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یەوە پێشوازیی لێكران.
لەسەردانەكەدا شاندی رێكخراوی UNCHR دەستخۆشییان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد بۆ ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی كە بەشێوەیەكی رێكوپێك بەپێی بەرنامەیەكی تۆكمە بەسەر خێزانە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دابەشی دەكەن و ئومێدی سەركەوتنی زیاتریان بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی خواست.
لەلای خۆیەوە موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشاندی میوانی راگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپێی بەرنامەیەكی تۆكمە تیمەكانی دەزگاكەمان دابەشی سەر هەریەكە لە كامپەكانی كەورگۆسك و بەحركەو قوشتەپەو باسرمە كراون و بەشێوەیەكی رێكوپێك كۆمەك و هاوكارییان بەسەردا دابەش دەكەین، جگە لەمانەش بەپێی ئەو بەرنامەیەی دامانرٍشتووە بۆ كامپەكان، بەرنامەی پێدانی خواردنی بەیانی جێبەجێ دەكەین، كە رۆژانە جگە لە پێدانی خواردنی بەیانیان چەندین پێداویستی دیكەی پێویست بەسەر خێزانەكاندا دابەش دەكەین.
هاوكات لەمیانی بەسەركردنەوەی كەمپەكانی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان كە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یەوە هاوكاریی بەرفراوانی دەكرێن، تیمی میدیایی تەلەفزیۆنی CNN و كەناڵە بیانییەكان سەردانی بنكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یان لە كامپی كەورگۆسك و بەحركەو قوشتەپەیان كردووە تیایدا دەستخۆشییان لە كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد كە بەشێوەیەكی بەردەوام و بێپسانەوە لە هەڵمەتەكانی دابەشكردنی یارمەتی و هاوكارییەكاندا بەردەوامن.
هەر هەمان رۆژ شاندێكی رێكخراوی مانگی سووری عێراقی بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە كاروباری رۆژانەی ئاوارەكان و چۆنیەتی خزمەتكردنیان سەردانی بنكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یان لە كامپی بەحركە كردو لەلایەن موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یەوە پێشوازیكران، لەدیدارەكەدا شاندی میوان دەستخۆشی و سوپاسگوزاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون لە خزمەتكردنی بەردەوامی خێزانە ئاوارەكان.

Top