ئوزگووردەر پشتگیری لە ناوی كوردستان دەكات
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی رۆژەڤی كورد بڵاویكردەوە كە دوابەدوای قەدەغە كردنی بەكار هێنانی ناوی كوردستان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی توركیاوە، چین و توێژە جیاجیاكانی كوردستان دەستیان بە دەربڕینی نارەزایەتی خۆیان كردووە و لەم چوارچێوەیەیشدا رێكخراوی ئوزگووردەر نارەزایەتی توندی خۆی دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە كردووە كە بەو پەڕی هێزی خۆیەوە پشتگیری لە ناوی كوردستان دەكات.
سەرۆكی رێكخراوی ئوزگووردەر موراد كوچ ئاشكرای كردووە كە لەم قۆناخەدا كە باسی ئاشتەوایی و چارەسەر كردنی پرسی كورد دەكرێت ناكرێت كە وەزارەتی ناوخۆی توركیا بریارێكی بەمجۆرە دەربكات، چونكە ئەم بریارە بریارێكی یاسایی نییە و ئێمە وەكو رێكخراوی ئوزگووردەر پشتگیری لە ناوی كوردستان و بەكار هێنانی ئەو ناوە لە لایەن كۆمەڵەی تەڤگەری جوانانی كوردستانەوە دەكەین.
جێگای ئاماژە پێكردنە هەفتەی رابردوو لە دیاربەكر كۆمەڵەیەكی نوێ بە ناوی كۆمەڵەی تەڤگەری جوانانی كوردستان دامەزرا بەڵام وەزارەتی ناوخۆی توركیا بەكار هێنانی ناوی كوردستانی بۆ ئەو كۆمەڵەیە قەدەغە كردووە.
