هێرشدەكرێتە سەر ئەندامە جیابووەوەكانی PKK لە كۆیە

 هێرشدەكرێتە سەر ئەندامە جیابووەوەكانی PKK لە كۆیە
لە قەزای كۆیە شەڕو پێكدادان لەنێوان چەند چەكدارێك و ئەندامانی جیابووەوە لە پارتی كرێكارانی كوردستان روودەدات و چەكدارێك بریندار دەبێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (رووداو) كەوتوون، كاژێر 7ی ئێوارەی دوێنێ شەڕەتەقە لەنێوان ئەو ئەندامانەی لەساڵی 2004 لە پارتی كرێكارانی كوردستان PKK جیابوونەوە، كە زۆربەیان پێشتر سەركردەی باڵای ئەو پارتە بوون و چەند چەكدارێك كە گومان دەكرێت سەر بە PKK بن، روودەدات و لە ئاكامی شەڕەتەقەكە چەكدارێك بریندار بووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان چەكدارە بریندارەكە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی كراوەو ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشكیدایە.

موقەدەم عادل یاسین، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر، زانیارییەكانی (رووداو)ی پشتڕاستكردەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەیسەكە ئەمنییە ئامادەنەبوو لێدوان لە‌و بارەیەوە بدات، تەنیا گوتی: \"كەیسەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە‌و چاودێریی وردی رووداوەكە دەكەین\"".

هاوكات نیزامەدین تاش، ناسراو بە \""بۆتان\""، كە یەكێكە لە سەركردە جیابووەوەكانی PKK وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانە رایگەیاند \""ئەو سێ چەكدارە كە هێرشیان كردووەتە سەر خێزانە جیابووەوەكانی نیشتەجێی كۆیە، لە كەمپی مەخمورەوە نێردرابوون و بەنیاز بوون كۆمەڵكوژی ئەو خێزانانە بكەن\"".

لەبارەی چەكدارە بریندارەكەوە گوتی \"" بە برینداری دەستگیرمان كردووەو رادەستی ئاسایشی كۆیەمان كردووە\"".

سەرەتای شەڕەتەقەكە لەوەوە دەستی پێكردووە، كە كامێرای چاودێریی ئەندامە جیابووەوەكانی PKK سێ كەسی دەرخستووە، كە بە چەكەوە چەند جارێك بەو ناوچەیەی ئەوانی لێ نیشتەجێن دەركەوتوون، دوای دووبارە دەركەوتنەوەیان و لێپرسینەوە لەگەڵیان شەڕەكە دروستبووە.









رووداو"
Top