سەرۆكایەتیی هەرێم بەكاربردنی چەكی كیمیایی لە سووریا سەرکۆنە دەکات

سەرۆكایەتیی هەرێم بەكاربردنی چەكی كیمیایی لە سووریا سەرکۆنە دەکات
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەیەکدا دەربارەی بەکاربردنی چەکی کیمیایی لە سووریا ڕایدەگەیەنێت، هەروەك چۆن لە ڕابردوودا دژی بەكارهاتنی چەكی كیمیایی بووە ئێستا و لە داهاتوویشدا دژی كردەی نامرۆڤانەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییە لە هەر شوێنێكی جیهان بێت.

دەقی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ناوخۆی سووریاوە دێن لە شەڕی نێوان هێزەكانی حكوومی و ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتەدا بە تایبەت لە ناوچەكانی دەرووبەری شاری دیمەشق چەكی كۆمەڵكوژی كیمیایی بەكار هاتووە. ئێمە بە گشت لایەكی ڕادەگەیێنین كە خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەر لایەك لە ئێش و ئازارەكانی بەكارهاتنی ئەو جۆرە چەكە دەگات چونكە خۆی گەورەترین قوربانی ئەو چەكە بووە و بەشێوەیەكی دڕندانە لە دژی بەكار هاتووە. بۆیەشە هەروەك چۆن لە ڕابردوودا دژی بەكارهاتنی چەكی كیمیایی بووە ئێستا و لە داهاتوویشدا دژی كردەی نامرۆڤانەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییە لە هەر شوێنێكی جیهان بێت.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانە و سەركۆنەی ئەو كارە قیزەوەن و نامرۆڤانەیە دەكات داوایش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە جیهانییەكان دەكات زۆر بە پەلە سنوورێك بۆ ئەو كردەیەدا بنرێت كە دژی هەموو جۆرە بەهایەكی ئەخلاقی و مرۆڤییە و بە زووترین كات لایەنە ئەنجامدەرانی ئاشكرا بكرێن و ڕێوشوێنی پێویستیان لەبەرانبەردا بگیرێتە بەر و سزا بدرێن. هەر لێرەشدا هاوخەمیی خۆمان بۆ كەس و كاری قوربانیانی ئەم كارەساتە و گەلی سووریا ڕادەگەیێنین و هیواخوازین هەرچی زووترە كۆتایی بە شەڕ و كاولكاری و نەهامەتییەكانی گەلی سووریا بێت.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

23ـی 8ـی 2013

Top