نێچیرڤان بارزانی 25 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان

 نێچیرڤان بارزانی 25 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە بەخشینی 25 ملیۆن دۆلار وەك یارمەتی بۆ كۆمەك و هاوكاریكردنی ئەو ئاوارانەی لە رۆژئاوای كوردستانەوە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند \"لە روانگەی خەمخۆری و پابەندبوون بە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی بەهۆی توندوتیژییەكانی سووریا ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، سەرۆك وەزیران بڕی 25 ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە\"".

سەفین دزەیی گوتیشی\""تەواوی ئەم بڕە پارەیە تەرخاندەكرێت بۆ یارمەتییە سەرەتاییەكان و باشتركردنی رەوشی نالەباری ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان و دابینكردنی پێداویستی تەندروستی و خۆراك\"".

گوتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای یارمەتی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات و رایگەیاند\""حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتیدەكاتەوە، كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جدیی ئاوڕ لە پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بداتەوەو لە یارمەتییە مرۆییەكان بێبەشیان نەكات.

سەفین دزەیی هەموو پشتگیرییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو بۆ هەر هەوڵێك، كە ببێتە مایەی باشكردنی رەوشی ئاوارەكان.

ژمارەی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان تاوەكو ئێستا رێژەیەكی چاوەڕواننەكراوی تۆماركردووە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی فراوانتربوونی كردنەوەی خاڵی سنووری پێشخابوور بەردەوام و بەلێشاو پەنابەر روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

ژمارەی ئەو پەنابەرانە لە باشووری کوردستان گەیشتووەتە 174 هەزار پەنابەر، ئەمە لەكاتێكدا بە گوتەی دیندار زێباری، یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەوان پێشبینییان كردووە ژمارەی پەنابەران لە (30 – 40) هەزار پەنابەر تێپەڕ نەكات، بەڵام بەهۆی بەردەوامی رەوشی نالەباری سووریاوە، زێباری پێشبینیدەكات رێژەی پەنابەران بۆ 300 هەزار كەس بەرز ببێتەوە.

لە هەرێمی كوردستان 13 كامپ بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە، كە جگە لە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئاوارەكانی رۆژهەڵات و باكووری كوردستانیش لەخۆدەگرن










رووداو"
Top