سهرۆكی ههرێم: پێویستە ئەو كوردانەی لە ناوچەكانی شەڕ و پێكدادان دوورن هەر لەسەر زێدی باب و باپیرانیان بمێننەوە
ئهوهش دهقی پهیامهكهیه:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
خوشك و برا ئازیزەكانم لە ڕۆژئاوای كوردستان
ڕۆژئاوای كوردستان لە بارودۆخێكی تایبەت و هەستیاردا دەژییت. ئومێدێكی زۆر هەیە گەلەكەمان لەو بەشەی كوردستاندا بە پاراستنی یەكڕیزی و یەكدەنگی مافەكانی مسۆگەر بكات. بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان پێویستی بە بەردەوامی و مانەوەی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لەسەر خاكی ڕۆژئاوا.
داوا لە خوشك و برایانمان دەكەم كە هێشتا لە ڕۆژئاوای كوردستاندا نیشتەجێن چیدی خاكەكەیان بەجێ نەهێڵن و چۆڵی نەكەن. چۆڵبوونی ڕۆژئاوای كوردستان لە بەرژەوەندیی نەیارانی گەلی كوردە و مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەخاتە ژێر مەترسییەوە. ئەو ئازیزانەی ناوچەكانیان كەوتووەتە بەر هێرش و شەڕی تێدایە ئەوە هەرێمی كوردستان ماڵی خۆیانە و باوەشی هەرێمی كوردستان كراوەیە بەڵام، پێویستە ئەو كوردانەی لە ناوچەكانی شەڕ و پێكدادان دوورن هەر لەسەر زێدی باب و باپیرانیان بمێننەوە و ئێمەش بە هەموو توانا و ئیمكانییەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیان لە خزمەتیان داین و یارمەتییان دەدەین.
براتان: مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
22ـی 8ـی 2013
