یەکێتی ئافرەتان بەشێک لە مۆچەی ستافەکەی بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان تەرخان دەکات
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان سەروین محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان رایگەیاند \"بە مەبەستی ھاوسۆزی دەربڕین و لە درێژەی ھەڵمەتی کۆمەککردنی کوردانی رۆژئاوا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا بەشێک لەمووچەی ستافی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی تەرخانکرد، بۆ دابینکردنی پێداویستی منداڵان و ئافرەتان بۆ دایکان و خوشکانی پەنابەری کوردانی رۆژئاوا\"".
سەروین محەمەد رونیشیکردەوە کە رۆژی پێنجشەممە ئەو پێداویستیانە و سەرجەم ئەو کۆمەک و ھاوکاریانەی کە ھەریەک لە ئەنجوومەنەکانی یەکێتی ئافرەتان لە شار و شارۆچکەکانەوە لە رێگەی بنکەکانی خۆیانەوە وەک ھەڵمەتێکی نیشتیمانی و مرۆڤایەتییەوە پێی ھەڵساون دەگەینرێتە دەستیان.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو زیاتر لە 30 هەزار هاوڵاتی کوردی رۆژئاوای روویان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد و نزیکەی15ھەزاريان لە شاری ھەولێر لە کەمپی کەورگۆسک نیشتەجێکراون."
