سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوڵاتیان و چین و توێژەکانی ھەرێمی کوردستان , ئەو ھاوخەمی و بەخشندەییەی ئێوە بە ھیچ وشەیەک وەسف ناکرێت
ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە
خەڵکی سەربەزی کوردستان..
پڕ بەدڵ سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ھەموو ھاووڵاتی و چین و توێژەکانی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی خۆڕاگری ھەولێری پایتەخت و دەورووبەری ڕادەگەیێنم، بۆ یارمەتی و ھاوسۆزی و ئەو بەدەنگەوەھاتنەی بەرانبەر خوشک و برایانی ڕۆژئاوامان ھەیانە و، بووەتە جێگەی سەرنج و خۆشحاڵیی ھەموو لایەک.
ئێوەی سەربەرز لە زۆر وێستگەی مێژوویی دیکەشدا نیشتیمانپەروەری و نەجابەت و سەخاوەتی خۆتان نیشان داوە. دیمەن و وێنەی ئێوەی ئازیز لە بەپیرھاتن و ھاوکاریی ھاونیشتیمانمان مێژوویین و قەت لە یاد ناکرێن.
ئەو ھاوخەمی و بەخشندەییەی ئێوە بە ھیچ وشەیەک وەسف ناکرێت و ھێمایەکە بۆ ئەوەی کە خەڵکی دڵسۆز و قارەمانی وڵاتەکەمان وەک چۆن ھەمیشە ئامادەی بەرگری لە نیشتیمان و قوربانیدان بووە، لە چاکەخوازی و ھەستی مرۆڤدۆستی و وڵاتپارێزیش نموونەی بەرز و بێوێنەن. وڵاتێک خاوەنی ئەو خەڵکە ڕەوشتبەرزە بێت شایانی ھەموو شکۆمەندیێکە.
ھەموو کات ئەو ئومێدەم ھەیە کە گەلی ئێمە ئامادەیە لە ھەموو بارودۆخێکدا لە بەرخودان و نەتەوەپارێزی و مرۆڤسالاری ببێتە وانە و سەرمەشق بۆ ھەموو گەلانی جیھان. کە ئەو ھەست و سۆزە نەتەوەیی و مرۆڤپارێزیی ئێوەی خۆشەویست دەبینم، ئومێدم بە دواڕۆژی گەلەکەمان زیاتر دەبێت. ئەو ھەستەی ئێوە بۆ خوشک و براکانیشمان لە ڕۆژئاواو پارچەکانی دیکەی کوردستان مایەی ئومێدێکی مەزنە.
بەپێویستی دەزانم سوپاسی ھێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی و پۆلیس و ئاساییش و ھاتووچۆ و شارەوانی و کەرتی تەندروستی و گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و لایەنە سیاسییەکان بکەم کە ھاوشان لەگەڵ ھاووڵاتیانی شاری ھەولێرو دھۆک و سلێمانی و کەرکووک و گەرمیان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و شوێنەکانی دی یارمەتیی کوردانی ڕۆژئاوایان داوە. لە خودای گەورە داواکارم پاداشی چاکە و فیداکاریتان بدات و ھەر سەربەرز و سەرکەوتوو بن.
