بۆمبێک لە قەزای خەبات تەقییەوە
كارگێڕی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، سەیدا مەجید بەرزنجی بە ڕادیۆ و ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری گوت، سەعات 11ـی بەرلە نێوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە جوتسایدی قەزای خەبات بەرانبەر گەڕەكی شەهیدان، ئۆتۆمبێلێكی جۆری BUD تەقییەوە و لە ئاكامدا كەسێك كە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بووە گیانی لە دەست دا.
ئەو گوتیشی شۆفێرەكە ناوی جەعفەر ڕەزایە و خەڵكی قەزای حەمدانییەی نزیك پارێزگای مووسڵە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، دوای برینداربوونی شۆفێرەكە بە هۆی تەقینەوەكەوە هەردوو قاچی پەڕی بوو بەڵام هێشتا گیانی تێدا مابوو، لە لایەن تیمەكانی فریاكەوتنی قەزای خەباتەوە بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ كرا، كەچی لە ڕێگادا گیانی لە دەیست دا.
بەرزنجی گوتیشی، پاش لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە هۆكاری تەقینەوەكە ئەوە بووە كە لە مووسڵەوە، بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە لكێنراوە و بە گەیشتنیشی بۆ قەزای خەبات تەقیوەتەوە.
بێجگە لە گیانتلەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلكە، زیانی گیانی و ماڵی دیكە نەبووە.
