لە ھەموو ناوچەکانی گەرمیان بنکەی وەرگرتنی ھاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوا دەکرێتەوە
لێپرسراوانی راگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان ھەڤاڵ ئیبراھیم تایبەت بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ بەیانی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەڵاح کوێخا کۆبوونەوەیەک لە گەڵ سەرجەم قایمقام و بەڕێوەبەری دەزگا حکومییەکانی گەرمیان ئەنجامدرا و لەو کۆبوونەوەەیەکەدا کە تایبەت بوو بە رەوشی ئاوارە کوردەکانی رۆژئاوا لە ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک دەرکرا.
ھەڤاڵ وتیشی: بڕیارەکان بریتی بوون لە کردنەوەی بنکەی وەرگرتنی کۆمەک و ھاوکاری لەسەرجەم ناوچەکانی گەرمیان ئەمەش بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بتوانن بە ئاسانی ھاوکاریەکانیان بگەیەنن و لە سبەێنێشەوە ئەو بنکانە دەکرێنەوە, ھەروەھا لە قۆناغی دووەمیشدا، ئەگەر پێویست بکات و حکومەتی ھەرێم داوابکات، ئەوا لە ناوچەی گەرمیانیش ھاوشێوەی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی، کەمپی تایبەت بە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کوردانی رۆژئاوا لە ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
ئاماژەیدا: کردنەوەی کەمپ پێویستی بەڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت، لە کاتێکدا حکومەت داوابکات ئەوا ئامادەکاری بۆ دەکرێت.
لای خۆشیانەوە چالاکوانانی سنووری گەرمیان، داوا لە ھاووڵاتیانی سنوورەکە گەرمیان دەکەن وەکو ھەستێکی نەتەوایەتی و مرۆڤدۆستی بەشداری بکەن بە ناردنی کۆمەک و ھاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوا کە ئێستا ئاوارەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بوون.
