گرووپی ئاڵای كوردستان: یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی سوكایه‌تی به‌ ئاڵای كوردستان ده‌كه‌ن

گرووپی ئاڵای كوردستان: یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی سوكایه‌تی به‌ ئاڵای كوردستان ده‌كه‌ن
گرووپی ئاڵای كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌ی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ پشتیوانی له‌ ئیخوانه‌كانی میسر، سوكایه‌تی به‌ ئاڵای كوردستان ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر تا هه‌فته‌ی داهاتووش داوای لێبوردن له‌ گه‌لی كوردستان نه‌كه‌ن، ئه‌وا داوای یاسایی له‌سه‌ر هه‌ردوو لایه‌نی سیاسیی تۆمار ده‌كه‌ن.

گرووپی ئاڵای كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ كۆپیه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر نێردراوه‌و وێنه‌یه‌كیشی بۆ هه‌ر یه‌ك له‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم، رای گشتی و حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی کوردستان ره‌وانه‌ كراوه‌، ده‌ڵێت; لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ١٧/٨ کە لایەنگرانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، لە بەرامبەر ھاوسۆزیان لەسەر رووداوەکانی میسر ، کە لەپارکی شانەدەری شاری ھەولێر بەئامادەبوونی ئەمیندار، ئەمیر، کەسایەتی و ژمارەیەک لەسەرکردەی ھەردوولا بەرێوەچوو. لەلایەن چەند کەسێکی ئامادەبووی ئەو خۆپیشاندانە سوکایەتی بەئاڵای پیرۆزی کوردستان کراو شکۆی و بەھای پیرۆزی ئاڵا کەم نرخێندرا.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یداوه‌، جگە لە گۆڕینی شێوەی ئاڵای كوردستان، چەندین دروشم و وتە بە زمانی عەرەبی و بیانی لەسەر ئاڵای كوردستان نووسراوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رپرسی گرووپی ئاڵای كوردستان نووسینگه‌ی هه‌ولێر، هێمن ئه‌حمه‌د تایبه‌ت به‌ ئاژانسی رادیۆ و ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێری راگه‌یاند، به‌‌ڵگه‌یان له‌ ده‌ستدایه‌ كه‌ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ‌ سووكایه‌تییه‌ی به‌ ئاڵای كوردستان كراوه‌.

گووتیشی: ئه‌گه‌ر تا هه‌فته‌ی داهاتوو هه‌ردوو لایه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی به‌ ئاڵای كوردستانیان كرد، داوای لێبوردن له‌ گه‌لی كوردستان نه‌كه‌ن، ئه‌وا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن و داوای یاساییان له‌ سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، بەتوندی ئیدانەی ئەو سوکایەتییە دەکات و پێشیوایه‌ ئەو سوکایەتی کردنە بەنەتەوەی كورد و بریندارکردنی ھەستی گه‌لی كوردستانه‌ و جێگه‌ی داخێكی گه‌وره‌یه‌ کە نەوەی شەھیدان بە چاوی خۆیان گۆڕینی ئاڵاکەیان ببینن لەپێناو بەرژەوەندی سیاسیانەی نەخوزراو.

هه‌روه‌ها گروپی ئاڵای کوردستان ده‌ڵێت: لێرەوە بەپێوستی دەزانین داوا لەھەردوو لایەنی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بکەین، داوای لێبوردن لەخەڵک و جەماوەری کوردستان بکات و ھاوشانی ئێمە سەرزەنشت و ئیدانەی کاری لەو شێوەیە بکه‌ن.

داوا لە ھەر سێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم، تەواوی حزب و لایەنەکانه‌ سیاسییه‌كان، ناوەندەکانی میدیا و رۆژنامەنووسان و جەماوەری بەشەرەفی کوردستان دەکات، بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەو سوکاتییە و بەدەم ئەو راگەیاندنەوە بێن و ئەو دوو لایەنە و ئەو کەسانەی بەم کارە ھەڵساون ناچار بەداوای لێبوردن بکرێن.

له‌ كۆتاییدا گرووپی ئاڵای كوردستان جه‌ختده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو لایه‌نه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاڵای كوردستانیان شێواندووه‌ ئه‌گه‌ر داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان نه‌كه‌ن، ئه‌وا رێوشوێنی تری یاسایی دەگرینە بەر، تا شکۆ و پیرۆزی ئاڵای كوردستان لەجێی خۆیدا بمێنیتەوە و کاری لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

گرووپی ئاڵای کوردستان له‌ ٢٠٠٧ لە شاری دھۆک راگەیه‌ندرا و لقی لە ھەولێر و شارەکانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا ھەیە، له‌ ٢٠٠٩ مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم پێدراوە و خاوەنی ١٩ ھەزار ئەندامە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان .

ئه‌و گرووپه‌ بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ پاراستنی شکۆ و شکۆمەندی ئاڵای کوردستان کار دەکات و سه‌ره‌كیترین ئامانجیشی پاراستن، رێزگرتن و پیرۆزراگرتنی ئاڵای کوردستانە.

Top