سەرۆکی ھەرێم سەردانی کەمپی کەورگۆسک دەکات
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی سه‌رۆك بارزانی، له لایه‌ن خوشك و برا كوردەكانی ڕۆژئاوا كە نیشته‌جێی كهورگۆسكن له كه‌رنه‌ڤاڵێكی كه‌موێنه‌دا زۆر به گه‌رمی پێشوازی كرا و نیشته‌جێبووان به‌ده‌م گوتنه‌وه‌ی به خێر بێیت بارزانی خۆشحاڵی خۆیان به‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه ده‌ربڕی و گوتیان: ئه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه بۆ ئێمه به‌و مانایه دێت، كه ئێمه له لای خه‌مخۆر و كه‌سوكاری خۆمانین، ئه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه له خه‌م و ئازاره‌كانی كه‌مكردینه‌وه. هه‌روه‌ها سوپاسی خه‌ڵك و هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی كە لەو چەند ڕۆژە بەردەوام لەگەڵیاندا بوونە و هەروەها سوپاسی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشیان كرد بۆ به‌هانا هاتن و پێشكه‌شكردنی پێداویستیه‌كانی ژیانیان.
لەو سەردانەدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه و پرسینه‌وه له ره‌وشی ژیانیان زۆر به گه‌رمی به خێرهاتنی لێ‌كردن و گوتی: به خێر بێن، ئێوه برا و خوشكی ئێمه‌ن و ئێوه له‌ناو ماڵ و كه‌سوكاری خۆتانن و لە وڵاتی خۆتانن و لە ماڵی برای خۆتانن. به پشتیوانی خوا له زووترین كاتدا ئه‌و باره ناهه‌مواره‌ی به‌سه‌رتاندا هاتووه دێته چاره‌سه‌ركردن و سه‌ربه‌رزانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆتان، هه‌تا ئه‌و كاته‌ش ئێمه به هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه له خزمه‌ت ئێوەی ئازیز داین.
بەڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ولێر و ده‌وربه‌ری و هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی و هێزه‌كانی پۆلیس و به‌رپرسانی ناوچه‌كه و پارێزگاری هه‌ولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی زۆر به رێكوپێكی ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خۆیان به‌رامبه‌ر خوشك و براكانی رۆژئاوای كوردستان جێبه‌جێكردووه. شایانی باسە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆری خوشك و برای كوردی ڕۆژئاوا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی و دامودەزگە پەیوەندیدارەكان ڕۆڵێكی بەرچاویان لە یارمەتیدان و گواستنەوە و دابینكردنی شوێنی ژیان و هاوكاری تەندروستی و خۆراكدا بە تایبەت لە ماوەی بیست و چوار كاتژمێری ڕابردوودا بەشێوەیەكی بەردەوام هەبووە.
