سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان دەكات

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان دەكات
ئەمڕۆ دووشەمە 19ـی 8ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كارمێلۆ فیكارا كونسوڵی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا كونسوڵی ئیتالیا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و سەرۆك بارزانی لەو كار و چالاكییانە ئاگادار كردەوە كە لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجامی داوە و ئەوەشی خستەڕوو كە كۆمپانیا ئیتالیاییەكان لە هەرێمی كوردستاندا سەرقاڵی كۆمەڵێك پڕۆژەن بە تایبەتی لە بواری ڕۆشنبیری و تەندروستی و كەرتی شوێنەواردا. هەروەها كارمێلۆ فیكارا كونسوڵی ئیتالیا باری ئەمنی و ئابووری و سیاسیی هەرێمی كوردستان بە گونجاو زانی بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئیتالیاییەكان پتر هان بدرێن كە بۆ وەبەرهێنان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشان دا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا و هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەراییەتیی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان لە نووسینگەوە بۆ كونسوڵخانە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی كونسوڵی ئیتالیا پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئیتالیا كرد و ئامادەیی حكوومەت و گەلی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ هاوكاری و پەرەپێدانی پەیواندییەكانی نێوان هەر دوولا. بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و پرسی پەنابەرە كوردەكانی ڕۆژئاوا بەشێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كەمتەرخەمیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر پەنابەرانی كوردی ڕۆژئاوا گوتی:\" خزمەتكردنی خوشك و براكانمان لەڕۆژئاوای كوردستان ئەركێكی نەتەوەیی و ئینسانییە و هەرێمی كوردستان بە هاووڵاتی و حكوومەتەوە ئامادەن بە هەموو توانایەكەوە یارمەتییان بدەن. سەبارەت بە بارودۆخی سووریایش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە بەرژەوەندیی بەرتەسكی لایەنەكان و دەستێوەردانی هەرێمایەتی و كوشت و بڕین لەو وڵاتە دۆخەكەی زۆر ئاڵۆز كردووە و داهاتوویەكی نادیاری لە پێشە.

قسەكردن لە بارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
"
Top