ئەردۆغان: ئۆجەلان ئازاد ناكرێت... پەكەكە بێبەلێنی كرد

ئەردۆغان: ئۆجەلان ئازاد ناكرێت... پەكەكە بێبەلێنی كرد
سەرۆكوەزیرانی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، ڕایگەیاند لێبوردنی گشتی بە هیچ جۆرێك نەخراوەتە بەر باس تا ئەندامانی پەكەكە و ڕێبەری زیندانیكراویان، عەبدولڵا ئۆجەلان بگرێتەوە و گوتیشی كە ئەوان بەڵێنی خۆیایان شكاندووە و توركیایان جێ نەهێشتووە وەك ئەوەی بڕیاری لێ درابوو.

سەرۆكوەزیرانی توركیا، دوێنێ شەممە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن دوا و باسی چەندین پرسی گرنگی هەنوكەیی كرد و رایگەیاند ئەو بەڵێنەی كە پارتیی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) شكاندی پێوەست بوو بە كشانەوە لە خاكی توركیا و ڕێككەوتنی جێبەجێ نەكرد؛ چونكە تەنیا 20لە سەدی پەكەكە توركیایان جێ هێشتووە و ئەوانیش زۆرینەیان ژن و منداڵن.

دەربارەی داوای كوردیش پێوەست بە پەروەردەی زمانی كوردی، رەجەب تەییب ئەردوغان گوتی: \"ئەم بابەتە لە بەرنامەی كاری ئێستاماندا نییە؛ چ لە قوتابخانەی تایبەت و هیی گشتیشدا.\"" بەڵام ئاماژەیشی بە پاكێجێكی چاكسازی دا بێئەوەی نێوەرۆكەكەی بخاتە ڕوو.

پەكەكە لە ئازاری ڕابردوودا ئاگربەستیان ڕاگەیاند و لە مانگی ئایاریشدا لە یەكەم گرووپی چەكدارانیان لە خاكی توركیادا كشانەوە، كە بەرەنجامی دانوستانی حكوومەتی توركیا و ئۆجەلان بوو كە لە كۆتایی 2012ـەوە دەستی پێ كرد.

لە بەرانبەردا، پەكەكە داوای لە ئانكارایە، دەستپێشخەری لە بەرژەوەندیی كورد لە توركیا بەرجەستە بكات. حكوومەتیش لە هەوڵدایە پڕۆژەیاسا لەو ڕووەوە ئامادە دەكات تا لە سەبتەمبەری داهاتوودا لە پەرلەمانی توركیادا بخرێتە دەنگدانەوە.

پارتیی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)ـیش سەرەتای سەبتەمبەری وەك دواوادە بۆ حكوومەتی توركیا دیاری كردووە تا چاكسازی لە سیستمی دیموكراسیدا بكات، ئەگەر نا ئەوا چەك هەڵدەگرنەوە. "
Top