دادگای باڵای ئێران بریاری لە سێدارەدانی كوردێكی دانیشتووی هەرێم پەسەند دەكات
ئاژانسی كوردپا ئاماژەی بەوە كردووە كە هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان بە ناوی عەلی ئەحمەد سلێمان لە ساڵی 1384 كۆچی لە ناوچەی ترگەوەری سەر بە ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا بە تاوانی ئەندام بوون لە یەكێك لە پارتە كوردییەكانی نەیاری حكوومەتی ئێراندا دەستگیر و رەوانەی دادگا كراوە و دادگایش سزای 5ساڵ و شەش مانگ زیندانی بە سەردا سەپاندووە.
بەڵام دوای كۆتایی هاتنی ئەم 5 ساڵە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە عەلی ئەحمەد سلێمانی رایگەیاندووە كە دۆسیەكەی دانەخراوە و لە ژێر لێكۆڵینەوە دایە و دواتر لە بەفرانباری ساڵی رابردوودا ئەم هاووڵاتییە كوردە دووبارە بە تاوانی هاوكاریكردن لە گەڵ میدیا دەرەكییەكاندا بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكە سزا درا.
دوای تێپەڕ بوونی یەك مانگ لە سەر ئەم بریارە ئەمجارە دادگای هەمان شار ناوبراوی بە تاوانی بەشداریكردن لە كوشتنی دوو سەربازی ئێرانیدا بە ئیعدام محكووم كرد و دوێنێش دادگای باڵای ئێران ئەم بڕیارەی پەسەند كرد.
