بەئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رێوڕەسمی سییەمین ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییان بەڕێوەچوو

بەئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رێوڕەسمی سییەمین ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییان بەڕێوەچوو
15ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- بەئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بارزان رێوڕەسمی یادكردنەوەی 30 ەمین ساڵیادی جینۆسایدی بارزانیان بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەكەدا كە جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەت و نوێنەر و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە كوردستان ئامادەی بوون ، بەرەڤان حەمدی سەرۆكی لیژمەی ئامادەكاری یادەكە لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر مێژووی ئەم كارەساتە و نیشانیدا لەم ڕۆژەدا یادێكی خەمناك دەكەینەوە كە تیایدا 8000 پیر و گەنج ومێرد منداڵ لە كۆمەڵگە زۆرە ملێكان بردرانە چارەنووسێكی نادیار وجەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە حكومەتی عیراق وەكو واریسی حكومەتی پێشوو خانەوادەی ئەنفالكراوان قەرەبۆ بكاتەوە تا تاوانی لەمجۆرە دووبارە نەبێتەوە.

دواتر نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە پەیڤەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كوردستان قەرزداری ئەو خانمە عەبا ڕەشانەیە كە بە شەرەفەوە منداڵ ونەوەی خۆیان گەیاندە ئەم رۆژە و دووپاتیكردەوە هەولێر وەك چۆن لە دوای ساڵی 1983لە باوەشی گرتن هەمیشە ئامادەی هەمان هەڵوێستە بۆ پاراستنی كورد وكوردستان وئەمڕۆش هەولێر شوێنی ئارامیە بۆ هەموو عیراق.


پاشان د.حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ستایشی رۆڵی هەولێری كرد بۆ ئەم هەڵوێستە كوردانەیان بە داڵدەدانی كەسوكاری جینۆسایدی بارزان هاوكات دووپاتیكردەوە پەرلەمان درێغی لە بە جیهانی ناساندنی ئەم تاوانە ناكات.
هەر لەم رێوڕەسمەكەدا ئارام ئەحمەد وەزیری كاروباری شەهید وئەنفالكراوان بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی هەموو ئامادەبوانی كرد بۆ بەشداریكردن لە رێوڕەسمەكە و داوایكرد ئەم تاوانە بكرێاە بابەتێكی گرنگی كۆنگرەی نەتەوەیی.

لە كۆتاییشدا وتاری كەسوكاری خانەوادەی ئەنفالكراوان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بارزان لەلایەن لێهات بارزانی خوێندرایەوە.

لە كۆتایی رێورەسمەكەشدا سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت و نوێنەری لایەنە سیاسیەكان و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان تاجە گوڵینەیان لەسەر مەزاری شەهیدانی جینۆسایدی بارزانیان دانا.

شیاوی باسە بەر لە دەستپێكردنی رێوڕەسمەكە نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد ولەلایەن شێخ خەڵات بارزانی نوێنەری سەرۆك بارزانی پێشوازیان لێكرا.
Top