مەزڵوومدەر: با رێگە بە توندوتێژی نوێ نەدرێت
ماڵپەڕی ئیلكخەبەری توركی بڵاویكردەوە كە لقی مەزڵوومدەری شاری وان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی پێشهاتە سیاسییەكانی توركیا و ناوچەكەی كردووە و رایگەیاندووە كە نە توركیا و نە ناوچەكە توانای رووبەروو بوونەوەی توندوتێژی نوێ نییە بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بیر لە دۆزینەوەی رێگا چارەی ئاشتییانە بۆ كێشەكان بكەنەوە.
سەرۆكی لقی شاری وانی مەزڵوومدەر یەعقووب ئەسڵان ئاماژەی بەوە كردووە كە چە لە توركیا و چە لە ناوچەكەدا زەمینە بۆ دەست پێكردنی توندوتێژی نوێ لە بارە و ئەگەر لایەنە سیاسییەكان و لایەنە یەیوەندیدارەكان زۆر ئاگادار و هۆشیار نەبن ئەوا رەنگە لێدوانێكی زۆر ئاساییش ببێتە هۆكاری دەستپێكردنی توندوتێژی نوێ و ئەمەیش سوودی بۆ خەڵكی ناوچەكە نابێت بۆیە پێویستە لایەن پەیوەندیدارەكان بیر لە ئاسوودەیی و بەختەوەری خەڵك بكەنەوە و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكانی خەڵك نەكەنە قوربانی بەرەژوەندییە سیاسییەكان.
