لە بارزان ، ڕێوڕەسمی 30ەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی بارزانیان بەڕێوە دەچێت

لە بارزان ، ڕێوڕەسمی 30ەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی بارزانیان بەڕێوە دەچێت
14ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- بڕیارە لە گۆڕستانی شەهیدانی ئەنفالی بارزان رێوڕەسمی 30ـەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی بارزانیان كە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە هاوكاری سەرۆكی یەكەی ئیداری و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە دەڤەری بارزان ئەنجامی دەدات بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حكومی و ئیداری و حزبی و میوانی بیانی بە ڕێوەبچێت.

لەمبارەیەوە بەرەڤان حەمدی بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت و سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری ساڵیادەكە رایگەیاند : ئامانجی سەرەكی ساغكردنەوەی ئەم یادە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی دیكەی ڕەشی تاوانكاری رژێمی بەعسی لە ناوچووە كە لە 1983/7/31 لەدژی خەڵكی بێتاوانی بارزان لە كۆمەڵگەكانی بەحركە و قوشتەپە و هەریر بە ئەنفالكردنی 8000 مێردمنداڵ و پیاو و پیر ئەنجامیدا بە بردنیان بۆ بیابانەكانی باشووری عیراق و زیندە بەچاڵكردنیان لەوێ دووپاتیشیكردەوە ئەم یادكردنەوەیە دەبێتە پەیامێك بۆ هەموو جیهان بەوەی ئەو تاوانەی لە دژی ئەم گەلە ئەنجامدرا تەنها بۆ ئەوە بوو ئەم خەڵكە كوردن و ناوچەی بارزانیش هەمیشە ناوچەی شۆڕش و بەرخودان بووە و گەلی كوردیش هیچ كاتێك ئەم تاوانە لەیاد ناكات.

سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری ساڵیادەكە نیشانیدا بە شێوەیەكی گشتی پڕۆگرامی ئاهەنگەكە لە سێ بڕگە پێكدێت یەكەمیان خوێندنەوەی وتارە لەسەر ئاستی باڵای حكومی و نیشتیمانی دووەمیشیان بڕگەیەكی هونەریە بە نیشاندانی كولتووری دەڤەرەكە بە ژەنینی هەردوو ئامێری بلوێر و تەمبوور سێیەمیشیان دانانی تاجە گوڵینەیە لەسەر مەزاری شەهیدانی جینۆسایدی بارزان.


بەرەڤان حەمدی لە درێژەی لێدوانەكەیدا دووپاتیكردەوە ئەگەرچی حكومەتی عیراق بە دانانی دادگای باڵای تاوانی عیراق و لێكۆڵینەوە لەم كەیسە و كەیسەكانی دیكەی جینۆسایدی گەلی كورد بە كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان و سزادانی تاوانباران توانی لە ڕووی یاساییەوە كاری خۆی ئەنجامبدات و ئەمەش دەستكەوتێكی یاساییە بۆ كورد بەڵام ئەم تاوانانە هەریەكە و بەتەنها بەمشێوەیە ناسران.

نیشانیشیدا دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ ئەم تاوانانەی بە جینۆساید ناساند دەبوایە هەر زوو حكومەتی بەغدا دەست بە قەرەبۆكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی ئەم كەیسانە بكات كە چی تاوەكو ئێستا بەغدا هیچ هەنگاوێكی لەمبارەیەوە نەناوە ، بەرەڤان حەمدی جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە پێویستە حكومەتی بەغدا پەلە لە هەنگاوەكانی بكات لەمبارەیەوە تا لە هەر قۆناغێكدا هیچ حكومەتێك جورئەتی ئەوە نەكات بەمشێوەیە كورد جینۆساید بكات.

شیاوی باسە لە 31ی تەممووز 1983 حكومەتی ئەوسای عیراق بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەددام حوسێنی سەرۆكی ئەوسای عیراق 8000 بارزانی لە ڕەگەزی نێرینە بردرانە بیابانەكانی سەر سنووری نێوان عیراق و عەرەبستانی سعوودی و لەوێ زیندەبەچاڵكران.
Top