سەرۆكی هەرێم لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستان نامەیەك ئاڕاستەی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی دەكات
دوای ئەوەی چەندین وێنەی دڵتەزێن و هەواڵی كوشتن و بڕین و هەڕەشەكردن لە هاووڵاتییە بێتاوانە كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە دامودەزگەی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سایتەكانی هەواڵ بڵاو بوویەوە، هەروەها باسی ڕاگەیاندنی نەفیرعام و جیهاد لە دژی كورد لە لایەن ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی سەر بە ئەلقاعیدە لە هەواڵەكاندا كرابوو.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپێناو لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوانەوە و دەركەوتنی ڕاستییەكان نامەیەكی ئاڕاستەی كۆمیتەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كردووە و تێیدا داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتی كردووە كە بچنە ڕۆژئاوا و بزانن ئەم هەواڵانە ڕاستن یان نا، ئەگەر ڕاست بن ئەوە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بهرگری لە خەڵكی بێتاوانی كورد لە ڕۆژئاوا بكات.
ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو نامەیەیە:
بۆ لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد
سڵاوێكی گەرم...
ماوەیەكە لە میدیاكان و هەندێ ناوەندی سیاسی و ڕاگەیاندنەكاندا كۆمەڵێك هەواڵ و دەنگۆ بڵاو بووەتەوە كە گوایە لە لایەن تیرۆریستانەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان نەفیرعام لەدژی هاووڵاتیانی كورد ڕاگەیێندراوە و تیرۆریستانی سەر بە ئەلقاعیدە پەلاماری خەڵكی مەدەنی و بێتاوان دەدەن و سەری ژن و منداڵی كورد دەبڕن. بۆ دەركەوتنی ڕاستی و دروستیی ئەم هەواڵانە داواتان لێ دەكەم لیژنەیەكی تایبەت پێك بهێنن بۆ ئەوەی سەردانی ڕۆژئاوای كوردستان بكەن و لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو هەواڵانە بكەن. ئەگەر بێتوو ئەم زانیاریانە ڕاست بن و هاووڵاتی و ژن و منداڵی بێتاوانی كورد لەژێر هەڕەشەی كوشتن و بڕین و تیرۆردا بن ئەوا هەرێمی كوردستان هەموو تواناكانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بەرگری لە ژن و منداڵ و هاووڵاتی بێتاوانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بكات.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
8ـی 8ـی 2013
