گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لێکدانەوەکان دەربارەی رەوشی رۆژئاوای کوردستان بە نادروست وەسف دەکات
لە روونکردنەوەیەکدا دکتۆر ئومێد سەباح گوتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێم ئەمرۆ سەرجەم ئەو بابەتانەی کە لە راگەیاندنەکانی کوردستان و لێدوانی ژمارەیەک سیاسی چەند رۆژی رابردوو دەربارەی باردۆخی رۆژئاوای کوردستانی بە موزایدە و لێکدانەوەیەکی نادروستی رەوشی رۆژئاوای کوردستانی وەسفکرد.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیدانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەرکێکی مرۆڤی و نەتەوەیی سەرشانی خۆی دەزانێت.
دەقی روونکردنەوەی گوتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێم :
ماوەی چەند ڕۆژە لە میدیاکان و لێدوانی ژمارەیەک سیاسیی موزایەدەیەکی زۆر لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەبینرێت و لێکدانەوەی نادروست لەبارەی ڕەوشی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان دەرخواردی هاووڵاتیان دەدرێت. بەر لە هەموو شتێک بە گشت لایەک دەڵێین با گەلی خۆمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین بە حەکەم کە بە فیعلی و بە کردەوە حکوومەت و ئیدارەی هەرێمی کوردستان چۆن و چییان بۆ ڕۆژئاوا کردووە و بە دڵنیاییەوە هەر بەمشێوەیەش لە هاوکاریکردنی میللەتی خۆمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبین. چونکە یارمەتیدانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەرکێکی مرۆڤی و نەتەوەیی سەرشانمان دەزانین. لە هەمانکاتدا پێویستە ڕێگە بە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوا بدرێت کە لە بەڕێوەبردن و بەرگریکردن لە گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوا بەشدار بن نەک ئەوەی بە تەنیا هێزێک پاوانی هەموو شتێک بکات و ڕێگر بێت لە بەشداریکردنی لایەنەکان سیاسییە کوردییەکانی دیکە تەنانەت بۆ بەرگریکردن لە میللەتی کوردستان لە ڕۆژئاوا. چونکە ئەو پاوانخوازی و تاکڕۆییە پێچەوانەی هەموو ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکانە.
لەگەڵئەوەیشدا بەپێویستی دەزانین ئەوەیش بۆ خەڵکی سەربەرزی کوردستان ڕوون بکەینەوە کە ئەوانەی فرمێسکی تیمساح دەڕێژن و لەمەڕ بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و بەرگریکردن لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا موزایەدە دەکەن و لە هەمانکاتیشدا هەندێک لەوانە هەموو پێداویستیی ئەو بەرگریکردنەیان لەبەر دەست دایە با بفەرموون ئەوە سنوورەکان کراوەیە و بچن لەسەر ئەرزی واقع بەرگری لە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بکەن ئەو کات بۆ خەڵکی کوردستان دەردەکەوێ کە موزایەدەکانیان چەندە یارییەکی بێبەهای سیاسییە و پڕیەتی لە چەواشەکردنی ڕای گشتی.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
7ـی 8ـی 2013
