نێچیرڤان بارزانی لە ئێواره خوانی دکتۆر حەسەن ڕووحانیدا بەشداری کرد

نێچیرڤان بارزانی لە ئێواره خوانی دکتۆر حەسەن ڕووحانیدا بەشداری کرد
\"نێچیرڤان بارزانی\"" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ئێواره خوانی سەرۆک کۆماری ئێران دکتۆر \""حەسەن ڕووحانی\"" لە کۆشکی سەعدئابادی تاران بەشداری کرد.

نێچیرڤان بارزانی کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی پایەبەرزی ھەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان \""مەسعوود بارزانی\"" سەردانی تارانی پێتەختی ئێرانی کردووە دوێشەو لە ئێوارێ خوانی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆشکی سەعدئابادی تاران بەشداری کرد.

لەم ئێوارێی خوانەدا میوانانی بیانی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ئێران، چەندین کەسایەتیی پایەبەرزی ئێرانی و ھەروەھا وەزیرە پێشنیارکراوەکانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لە تەلاری سەرەکی کۆشکی سەعدئابادی تاران ئامادەبوون

پێش دەستپێکردنی ئەم ئێوارێی خوانەدا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندازیار کامەڕان ئەحمەد وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێی کردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھەندێک لە میوانانی بەشداربوو لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی یازدەیەمین خولی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆبۆوە، لەوانە: خوزەیر خەزاعی کەفیلی سەرۆک کۆماری عێراق، ئیمام عەلی ڕەحمان سەرۆک کۆماری تاجیکستان، نووری سوڵتان نەزەربایۆف سەرۆک کۆماری قەزاقستان و چەندین کەسایەتیی پایەبەرزی بیانی دیکە.

لە سەرەتای ئێوارێ خوانی سەرۆک کۆماری ئێران، نێچیرڤان بارزانی لەلایەن دکتۆر محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشنیاری حەسەن رووحانی بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازی لێکرا و پاشان سەرۆک کۆماری ئێران بە ئامادەبوون لە ناو ھۆڵەکە بەخێرھاتنی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا میوانانی دیکە کرد و رێوڕەسمەکە دەستی پێکرد.

شاندی پایەبەرزی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بڕیاروایە ئەمڕۆ چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدات."
Top