پۆلیسی هەولێر ئاماری شەش مانگ و پلانی ئەمنیی بۆ ڕۆژانی جەژن ڕاگەیاند
عەقیدی مافپەروەر عەبدولقادر محەمەد حەسەن بەڕێوەبەری پۆلیسی جوڵانەوە و تاوانی هەولێر، ئەمڕۆ کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وێڕای خستنەڕووی پلانی ئەمنی بۆ رۆژانی جەژنی ڕەمەزان، ئاماری ڕووداوەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵی ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر،عەقید عەبدولقادر رایگەیاند کە لە شەش مانگی رابردوودا 26 حاڵەتی کوشتنی ئافرەت تۆمار کراوە و رێژەی 87%ی بکوژەکانیش ئاشکرا بوون و ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵدا کراوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی جوڵانەوە و تاوانی هەولێر، ڕوونیشی کردەوە کە هەر لەو ماوەیەدا 52 ئافرەت خۆیان سووتاندووە کە 92%یان مردوون و 32 کەسیش حوکم دراون، هەروەها 462 حاڵەتی لێدان و ئازاردانی ئافرەتانیش تۆمار کراوە.
ئەو هەروەها ئاماژەی دا کە لەم شەش مانگەی ڕابردوودا بێجگە لە تۆمارکردنی 19حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان، 226 حاڵەتی دزیکردن تۆمار کراوە کە 69% ئاشکرا بوون و هەروەها 389 حاڵەتی فێڵکردنیش هەبووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی جوڵانەوە و تاوانی هەولێر، لەبارەی پلانی ئەمنییەوە بۆ رۆژانی جەژنی ڕەمەزان، گوتی کە پلانەکە رۆژێک پێش جەژن دەست پێدەکات کە پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و زێرەڤانی بەشداری تێدا دەکەن و بێجگە لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان لە ناوەوە و دەرەوەی شار، هێزە هاوبەشە ئەمنییەکان بەسەر گۆڕستانەکانیشدا دابەش دەکرێن.
بە وتەی عەقید عەبدولقادر، پلانە ئەمنییەکە کە بێجگە لە هێزە ئەمنییەکانی تر 2 هەزار پۆلیس بەشداری تێدا دەکەن، بەردەوام دەبێت تا پشووی جەژن کۆتایی دێت و هەموو هەوڵێکیش دەخەنە گەڕ تا ڕێگری لە هەر کارێکی نایاسایی بکەن.
